رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بابەتی "جینۆساید لە غەززە" بە سەرۆکی بەرازیل دەڵێت، "ئەمریکا هاوڕا نییە کە ئیسرائیل جینۆسایدی کردبێت."
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بە یاوەریی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەرازیل بوو، گوتی، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە لویز لولا داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیلی راگەیاندووە کە ئەمریکا هاوڕانییە لەوەی ئیسرائیل جینۆسایدی کردبێت."
ئەو بەرپرسە ناونەهێنراوە رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەی بلینکن و سەرۆکی بەرازیل زیاتر لە 90 خولەکی خایاندووە و هەردوولا بیروڕای روونی خۆیان ئاڵوگۆڕ کردووە."
بلینکن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە ناسراو بە G20 لە بەرازیلە و سێرجی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیاش بەشدارە.
رۆژی یەکشەممە، 18-02-2024، سەرۆکی بەرازیل لە لووتکەی یەکێتیی ئەفریقا لە ئەسیوپیا رایگەیاند، "ئەوەی کە ئێستا لە کەرتی غەززە بەرامبەر خەڵکی فەلەستین روودەدات، لەهیچ کاتێکی مێژوودا شتی وا نەبینراوە؛ لە راستیدا بینراوە، ئەوکاتەی هیتلەر بڕیاریدا جووەکان بکوژێت."
سەرۆکی بەرازیل تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ ئیسرائیل "لە غەززە جینۆسایدی کردووە."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامدا گوتی، "لولا لە لێدوانەکانی، هۆڵۆکۆستی بەکەم زانیوە و بێڕێزی پێکردووە، ئەو هێڵی سووری بەزاندووە." هەروەها گوتی، سەرۆکی بەرازیل ئەو "دژە جوویێکی تووندڕەوە."
هۆڵۆکۆست لەلایەن حکومەتی نازییەکان [هیتلەر]ـی ئەڵمانیاوە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانی [1933 تاوەکو 1945] ئەنجامدرا کە تێیدا شەش ملیۆن جووی ئەوروپی بە چەندین جۆری جیاواز کوژران و لەنێوبران.
دوای لێدوانەکانی لولا، یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لەسەر قسەکانی سەرۆکی بەرازیل، بانگهێشتی باڵیۆزی بەرازیلم کردووە لە ئیسرائیل. لێدوانەکانی لولا شەرمهێن و جیدین."
کاتس هەروەها دەڵێت، "لولا کەسێکی نەخوازراوە لە ئیسرائیل تاوەکو داوای لێبوردن دەکات و لە قسەکانی پەشیمان دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ