رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی نیشتمانی بۆ ئامارەکان لە ئیسپانیا دەڵێت، لە 2023 کەمترین منداڵ لە وڵاتەکە لەدایکبوون کە 80 ساڵە ئەو ژمارە کەمە تۆمارنەکراوە. هەروەها لە هەمان ساڵدا ژمارەی مردن لە ژمارەی لەدایکبوون زیاتربووە.
ئامارەکە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانی بۆ ئامارەکان لە ئیسپانیا، INE رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە. تێیدا هاتووە، "لە 2023ـدا تەنیا 322 هەزار و 75 منداڵ لەدایکبوونە و ئەمەش لە 83 ساڵی رابردوودا کەمترین ژمارەیە."
پەیمانگەی INE بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1941 دەستی بە تۆمارکردنی ژمارەی منداڵبوون لە ئیسپانیا کرد.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەکە بەروارد بە ساڵی 2022 دەوروبەری 2٪ کەمیکردووە.
رێژەی منداڵبوون لە ئیسپانیا دووەم کەمترین رێژەیە لە یەكێتیی ئەوروپا و ماڵتا یەکەمە. بەگوێرەی دوایین بڵاوکراوەی رێکخراوی نووسینگەی ئامارەکانی ئەوروپا - یۆرۆستات، "لە ئیسپانیا لە 2021ـدا هەر ژنێک لە ماوەی ژیانیدا 1.19 منداڵی بووە."
رێژەی جیهانی بۆ "دانیشتووانی جێگیر" بریتییە لە 2.1٪. یۆرۆستات هەروەها دەڵێت، لە 2021ـدا بۆ هەر 1000 کەسێک تەنیا 7.13 منداڵبوون هەبووە.
لەنێوان 2013 بۆ 2023 رێژەی منداڵبوون لە ئیسپانیا 24.1٪ دابەزیوە. پەیمانگەی نیشتمانیی ئەو وڵاتە بۆ ئامارەکان دەڵێت، "ئیسپانییەکان مۆدێلی منداڵ دواخستن پەیڕەو دەکەن، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لە ژمارەی منداڵبوون کردووە."
ئەو پەیمانگەیە هەروەها لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە، "لە 10 ساڵی رابردوو، منداڵبوون لەلایەن ژنانی سەروو 40 ساڵ بە رێژەی ٪19.3 بەرزبووەتەوە."
لە 2023ـدا و بۆ حەوتەم ساڵی لەسەریەک، ژمارەی مردن لە ئیسپانیا لە ژمارەی منداڵبوون زیاتر بووە. پار لەو وڵاتە 435 هەزار و 331 کەس مردوون.
ژمارەی دانیشتووانی ئیسپانیا لە 2022ـدا ٪1.26 زیادیکرد و گەیشتە 48 ملیۆن کەس، بەڵام زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لەو وڵاتە بیانین و ئیسپانی نین. ئەمە وەک پەیمانگە نیشتیمانییەکە باسی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ