تورکیا 'رێککەوتنی بەرگریی 10 ساڵە' لەگەڵ سۆماڵ واژۆ دەکات

22-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تورکیا و سۆماڵ رێککەوتنی 10 ساڵەی بەرگرییان واژۆکرد. تورکیا پارێزگاری لە کەناراوەکانی سۆماڵ دەکات و لە رووی سەربازییەوە یارمەتی دەدات.
 
حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە رایگەیاند "لەگەڵ تورکیای هاوپەیمان، رێککەوتنێکی 10 ساڵەمان واژۆکرد کە تێیدا تورکیا یارمەتیدەرمان دەبێت لە پاراستنی کەناراوە درێژەکانی سۆماڵ و دووبارە بونیاتنانەوەی هێزە دەریایی سۆماڵ."
 
رێوڕەسمی واژۆکردنەکە لە رۆژی چوارشەممە، 21-2-2024 بوو، حەسەن شێخ مەحموود هەروەها گوتی، "ئەو رێککەوتنەی کە ئەمڕۆ پێشکێشی پەرلەمان کرا بریتییە لە هاوکاریی بەرگری و ئابووری لەنێوان تورکیا و سۆماڵ. مەبەست لەو رێککەوتنە دروستکردنی رق و دووژمنایەتی نییە لە دژی هیچ وڵات و حکومەتێکی دیکە."
 
سەرۆکی وڵاتە هەژارەکە ئاماژەی بەوەشدا، سۆماڵ چەندین ساڵە شەڕی "تیرۆریستان" دەکات بۆ ئازادکردنی وڵاتەکە، بۆیە "ئەمڕۆ ئێمە دەکەوینە نێو جەنگێکی دیکە بۆ بەرگریکردن لە ناوچە دەریاییەکانمان لەو تیرۆریستانەی کە پێشێلی مافە رەواکانی ئێمە و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووە."
 
مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ ئەسیوپیا "رێککەوتنی دەریایی" لەگەڵ سۆماڵیلاند کە هەرێمێکی دانپێدانەنراوە و لە سۆماڵ جیابووەتەوە، کرد، ئەمەش سۆماڵی تووڕە کرد.
 
هەرێمی سۆماڵیلاند کە خۆیان بە "دەوڵەتی سۆماڵیلاند" ناوی دەبەن، لە ساڵی 1991 جیابوونەتەوە، ئێستا حکومەت، سوپا و دراوی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام لەلایەن هیچ وڵاتێک و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانەنراوە و دەڵێن: "سۆماڵیلاند بەشێکی دانەبڕاوی سۆماڵە."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی ئەسیوپیا و حکومەتی سۆماڵیلاند، "سۆماڵیلاند 20 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی خۆی بۆ ماوەی 50 ساڵ دەداتە ئەسیوپیا بۆ ئەوەی بنکەیەکی سەربازی تێدا بکاتەوە و بەندەرێکی بازرگانیشی هەبێت. لە بەرامبەردا، ئەسیوپیا دان بە سەروەریی سۆماڵیلاند دادەنێت، هەرچەندە تائێستا حکومەتی ئەسیوپیا ئەم دەنگۆیەی پشتڕاست نەکردووەتەوە."
 
ئەوە سۆماڵی تووڕە کردووە و دەڵێن: "کارێکی دووژمنکارانەیە و پێشێلی سەروەریی سۆماڵ دەکات."
 
ئەسیوپیا وڵاتێکە کە هەر چوار لای وشکانییە و چەند ساڵێکبوو بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕا بۆ ئەوەی دەستی بە دەریا بگات و بەندرێکی بازرگانی هەبێت.
دوای یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەو دوو لایەنە، تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە پشتگیریی خۆی بۆ سەروەریی سۆماڵ دەربڕی.
 
سۆماڵ پێیوایە ئەم گرێبەستەی نێوان سۆماڵیلاند و ئەسیوپیا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر خاک و وڵاتەکەی بۆیە لەگەڵ تورکیا ئەم گرێبەستەی واژۆ کردووە.
 
عەبدولفەتاح قاسم، جێگری وەزیری بەرگریی سۆماڵ گوتی، "هەڵوێستی سۆماڵ روونە: ئێمە دانوستاندن لەسەر سەروەری و سەلامەتیی وڵاتەکەمان ناکەین، بۆیە ئەم گرێبەستەمان لەگەڵ تورکیا کرد."
 
جێگری وەزیر گوتیشی، "تورکیا باشترین بژارە بوو بۆ بەرگریکردن لە کەناراوەکانی سۆماڵ. تورکیا بەگوێرەی رێککەوتنەکە، کەناری سۆماڵ لە چەتەکانی دەریا و تیرۆریستان دەپارێزێت، لەوانەی کە پێشێلی سنوورەکانمان دەکەن بۆ نموونە ئەسیوپیا."
 
لە بەشێکی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە هاتووە:
 
- راهێنان و پشتگریی تورکیا بۆ پاسەوانی کەناراوی سۆماڵ.
- گەشەپێدانی ژێرخان، وەک: دروستکردنی بەندەری نوێ، برەودان بە دامەزراوە دەریاییەکان و بە‌هێزترکردنی ژێرخانی ئاسایشی دەریایی سۆماڵ.
- ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و هاوکاریی هەواڵگری.
 
تورکیای ئەندامی ناتۆ، لەگەڵ سۆماڵ پەیوەندییەکی نزیکی هەیە و یەکێکە لە هاوبەشە ئابوورییە سەرەکییەکانی. دوو وڵاتەکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بیناکاری، پەروەردە، تەندروستی و هاوکاریی سەربازی دەکەن.
 
بنکەی تورکسۆم TURKSOM گەورەترین بنکەی سەربازی و مەشقی تورکیایە لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ کە لە 30-09-2017 لەسەر رووبەڕی 400 هێکتار زەوی کردییەوە و ئێستا جگە لە 300 راوێژکار و کارمەندی سەربازیی تورک، پێنج هەزار سەربازی سۆماڵی [هەر جارەو هەزار و 500 سەرباز] مەشق و راهێنان لە تورکیا وەردەگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە