رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتز، سیاسەتڤان، بازرگان، ملیۆنێر، شارەزای دارایی و فڕۆکەوانە. سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا (CDU)ـە و بەهێزترین بەربژێرە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا. ئەو سەردەمێک رکابەرایەتیی ئەنجێلا مێرکڵی دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەی پارتەکە.
فۆڵکەر رێزینگ، نووسەر و رۆژنامەڤانە و لەبارەی ژیانی سیاسیی مێرتزەوە دەڵێت، "ئەنجێلا مێرکڵ و فرێدریش مێرتز پێکەوە پلەکانی پارتی کریستیان دیموکراتیان بڕی، لە ساڵی 2000 بە هاوسەرۆکایەتی دەستیان پێکرد. هەرچەند ئەوان ویستیان چاکسازی لەنێو پارتەکە بکەن، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دەستخستنی دەسەڵات، مێرکڵ بردییەوە و لە 2005 بووە راوێژکار."
مێرتز زانی بەهۆی مێرکڵەوە، شوێنێک بۆ ئەو لە لووتکەدا نییە، بۆیە لە 2009 سیاسەتی جێهێشت. مێرتز دەستی بە کاری بازرگانی و وەبەرهێنان کرد و کاتێکی زۆری لە ئەمریکا و چین بەسەربرد، لەلایەکی دیکەش بە کاری فڕۆکەوانییەوە سەرقاڵ بوو.
دوای 9 ساڵ و کشانەوەی مێرکل، لە 2018 مێرتز گەڕایەوە و خۆی بۆ سەرۆکایەتیی پارتە راستڕۆ میانڕۆکە بەربژێر کرد، دیسان شکستی هێنا. مێرتز وازی نەهێنا و لە سەرەتای 2022 بە فەرمیی پۆستی سەرکردایەتیی پارتەکەی وەرگرت.
فرێدریش مێرتز لە ئەیلوولی 2024 لەلایەن پارتەکەیەوە وەک بەربژێر بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا لەم هەڵبژاردنەی ئەڵمانیا دیاریکرا. بەراورد بە چوار رکابەرەکەی، زۆرترین چاوەڕوانیی لێدەکرێت و پاڵێوراوی سەرەکییە.
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان پارتی کریستیان دیموکرات لەم هەڵبژاردنە 29٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
فۆڵکەر رێزینگ، لەبارەی سیاسەتی مێرتزەوە دەڵێت، "ئەو پشتگیریی لە سیاسەتێکی تووندتری کۆچبەریدا دەکات، پێشنیاز دەکات سنووری ئەڵمانیا دابخرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی سیاسی."
بانگەشەی مێرتز لەسەر دوو مژاری سەرەکییە؛ ئابووری و رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی. مێرتز سەرەتا ویستی لەگەڵ پارتی (AfD) کە راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەرە، پێکەوە کاربکەن؛ بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە.
سەیران باپۆ، پەرلەمانتارێکی کوردی سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتە و لەبارەی کارکردنیان لەگەڵ پارتی AfD دەڵێت، "ئێمە کار لەگەڵ ئەو پارتە ناکەین کە ناویان لەخۆ ناوە جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. نە لە پێشتر، نە لە دواتر، هەرگیز."
مێرتز تەمەنی 69 ساڵە. لە ساڵی 1972 پەیوەندیی بە CDU کردووە، لە 1989 بووەتە ئەندام پەرلەمانی ئەورووپا، لە 1994 بووەتە ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا و چوار ساڵ خزمەتی سەربازی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ