ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دوو پڕۆژەبڕیاری جیاواز لەبارەی ئۆکراینا پێشكێشی UN دەکەن

22-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دوو پڕۆژە بڕیاری جیاواز لە بارەی ئۆکراینا پێشکێشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن. 
 
بەگوێرەی رەشنووسی پڕۆژەبڕیارەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، یەکێتیی ئەورووپا داوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی رووسیا لە خاکی ئۆکراینا دەکات. 
 
بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی، پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا ئەو داواکارییەی تێدا نییە. 
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 24ـی شوبات کە دەکاتە سێیەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی جەنگەکە، لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگ لەسەر هەردوو پڕۆژەبڕیارە ناپابەندکەرەکە بدرێت. 
 
جیاوازیی دوو پڕۆژەبڕیارەکە؛ فراوانبوونی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا پێشاندەدات، لەکاتێکدا هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر رووسیا، هێزی پەیوەندیی واشنتن و برۆکسلی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. 
 
دوای سێ ساڵ لە پەراوێزخستن و گۆشەگیرکردن، ئیدارەی ترەمپ دەرگای گفتوگۆی بە رووی مۆسکۆدا کردەوە. 
 
سەرکردەکانی ئەورووپا لەوە ناڕازین لەو گفتوگۆیانەی هەفتەی رابردوو لە سعودیە کران، بەشداری بە بەرپرسانی ئەوان و ئۆکراینا نەکرا. 
 
پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا دان بەوە دادەنێت؛ زۆر خەڵکی لە ئۆکراینا و رووسیا بەهۆی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە و "پشتیوانی لە کۆتاییهێنانێکی بەپەلەی شەڕ دەکات، داوای ئاشتییەکی درێژخایەن لەنێوان ئۆکراینا و رووسیادا دەکات."
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمریکا بڕوای وایە "ئێستا کاتی پابەندبوونە بە کۆتاییهێنانی جەنگ. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئێمە بۆ گڕوتیندان بە ئاشتی."
 
ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا "هەنگاوێکی باشە."
 
رووسیا هەروەها پێشنیازی کرد، پڕۆژەبڕیارەکە هەمووار بکرێتەوە و دەستەواژەی "لە نێویاندا بە چارەسەرکردنی هۆکاری ریشەیی" بۆ زیادبکرێت، بۆ ئەوەی رەشنووسە ئەمریکییەکە بڵێت "پشتیوانی لە کۆتاییهێنانی بەپەلەی شەڕ دەکات، لە نێویاندا بە چارەسەرکردنی هۆکارە ریشەییەکەی، هەرەوها داوای ئاشتییەکی درێژخایەن لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا دەکات."
 
پێچەوانەی ئەوە، پڕۆژەبڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا و ئۆکراینا ململانێکە بە "داگیرکردنی سەرستاسەریی ئۆکراینا لە لایەن فیدراسیۆنی رووسیاوە" ناودەبات و داوای جێبەجێکردنی هەموو ئەو بڕیارنامانە دەکات، کە پێشتر لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە ئۆکراینا دەرکراون. 
 
پڕۆژەبڕیارە ئەورووپییەکە بە دیاریکراوی داوا دەکات، رووسیا "دەستبەجێ، بە تەواوی و بێ مەرج هەموو هێزە سەربازییەکانی لە خاکی ئۆکراینا بکشێنێتەوە."
 
کۆمەڵەی گشتی، بووەتە گرنگترین دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرەدەریکردن لەگەڵ پرسی ئۆکراینا، چونکە ئەنجوومەنی ئاسایش کە ئەرکەکەی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتییە، بەهۆی ڤیتۆی رووسیاوە پەکیکەوتووە. 
 
لە کۆمەڵەی گشتی، هیچ وڵاتێک مافی ڤیتۆی نییە، بەڵام پێچەوانەی ئەنجوومەنی ئاساییش، بڕیارەکانی لە رووی یاساییەوە پابەندکەر نین.
 
پێشكێشکردنی ئەم پڕۆژەبڕیارانە لەکاتێکدان؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا تۆمەتبار دەکات بەوەی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگەکە، ئەوی بە "دیکتاتۆر" ناوبردووە و پێی راگەیاندووە "باشترە خێرا بجوڵێتەوە" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. لە وەڵامی ئەوەدا، زیلینسکی رایگەیاندووە، ترەمپ لەنێو "زانیارییە ناڕاستەکانی رووسیادا" دەژیت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.