رووداو دیجیتاڵ
داواکارێکی گشتیی لە فەرەنسا رایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا کەسێکی تەمەن 37 ساڵ بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی. دەشڵێت، لەو هێرشەدا کەسێک کوژرا و پێنج پۆلیسیش بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 22ـی شوباتی 2025، نیکۆلاس هیتز، داواکارێکی گشتیی فەرەنسا رایگەیاند، "لە شاری مەلهاوس کەسێک بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی". گوتیشی، "بەهۆی هێرشەکەوە کەسێک کوژرا و پێنج پۆلیسیش بریندار بوون" کە برینی دوو لە پۆلیسەکان سەختە.
بەگوێرەی داواکارە گشتییەکەی فەرەنسا، هێرشەکە لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک بوو لەو شارەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، "تۆمەتباری هێرشەکە کەسێکی تەمەن 37 ساڵ بووە."
هیتز دەڵێت، ئەو دوو پۆلیسەی برینەکانیان سەختە یەکێکیان چەقۆکە بەر سنگی کەوتووە، ئەوەی دیکەش بەر یەکێک لە خوێنبەرەکانی.
بڕیارە برونۆ ریتایو، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات.
بە گوێرەی پۆلیس، رووداوەکە کاژێر 4:00ـی دوانیوەرۆ بەکاتی فەرەنسا (کاژێر 06:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر) بووە. بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، گومانلێکراوی هێرشەکە خەڵکی جەزائیرە و لەژێر چاودێری و دەستبەسەری لە ماڵەکەیدا بووە.
دوای رووداوەکە پۆلیس هێرشکارەکەی دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەڵێن، تۆمەتبارەکە ناوی لەنێو لیستی خۆپاراستن لە تیرۆر (FSPRT) هەبوو.
لیستی (FSPRT) لە ساڵی 2015 و دوای هێرشکرانە سەر سوپەرمارکێتێکی جووەکان دروستکرا. فەرەنسا زانیاری لەسەر تاکەکان کۆدەکاتەوە و لە لیستەکە تۆماری دەکات، ئەمەش بە ئامانجی (خۆپاراستن لە کاری تووندڕۆیی و تیرۆر).
میشێل لوتز، سەرۆکشارەوانیی شاری مەلهاوس لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "ترس باڵی بەسەر شارەکەماندا کێشاوە". رووداوەکە وەکو هێرشێکی تیرۆریستی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام دەبێت دەسەڵاتی دادوەری پستڕاستیبکاتەوە کە تیرۆریستییە."
رووداوی هێرشکردن بە چەقۆ لە ئەورووپا زیادی کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا رۆژی هەینی بە رووداوی راگەیاند، لە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە هۆڵۆکۆستی جووەکان، پیاوێک بە چەقۆ بریندارکراوە و هێرشکارەکە دەستگیرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ