رووداو دیجیتاڵ
سێ ساڵە لەسەریەک هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا رووبەڕووی کەم بارانی دەبێتەوە و ساڵ دوای ساڵیش پلەکانی گەرما ریکۆردێکی نوێ تۆمار دەکەن، ئەوەش تەواوی هەرێمەکەی رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی لە مێژوودا کردووەتەوە.
کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، لە سەرانسەری هەرێمی کەتەلۆنیای خاوەن 7.5 ملیۆن دانیشتووان رەنگیداوەتەوە. بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمەکە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا 16٪ی توانای گلدانەوەیان، ئاویان تێدا ماوە.
جۆزێف گویتارت، ئەندامی یەکێتی جووتیارانی کەتەلۆنیایە و دەڵێت، "ئێستا ئێمە لە چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوادا دەژین. گۆڕانی کەشوهەوا دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام بەشێوەیەکی تایبەت کاریگەریی لەسەر دەریای نێوەڕاست دروست کردووە. لە رابردوودا وشکەساڵیی زۆر لێرە روویداوە، باوکم تەمەنی 85 ساڵە و دەڵێت، کە هەرگیز لە ژیانی خۆیدا وشکەساڵی لەو جۆرەی نەبینیوە. ئەو شکەساڵییە هەرجارێک شوێنێک دەگرێتەوە، ئەمجارە کاریگەری لەسەر ئەو ناوچەیەی ئێمە دروستکردووە".
تاوەکو ئێستا 20٪ـی خاکی ئیسپانیا بەبیابان بووە و زیاتر لە 30٪ـی خاکی وڵاتەکەش کاریگەری بەبیابانبوونی لەسەرە.
بەرپرسانی ئیسپانیا باری لەناکاوی کەشوهەوایان راگەیاندووە، داوا لە خەڵک دەکەن دەست بە ئاوەوە بگرن، 80٪ـی ئەو ئاوەی کە پێشتر بۆ ئاودانی دانەوێڵە و ئاودانی ئاژەڵەکان بەکاردەهێندرا، کەمکراوەتەوە.
وشکەساڵییەکە کاریگەریی لەسەر کەسانی ئاساییش هەیە، رۆژانە حکومەتە ریگە دەدات هەر کەسێک تەنیا 100 لیتر ئاو بەکاربهێنێت.
جۆزێف سێباتێر، چالاکوانی بواری ژینگە دەڵێت، "هەموو ئەو پێشبینییە جۆراوجۆرانەی کە لەلایەن پانێلی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراوە ئەوە دەردەخەن کە کەتەلۆنیا و تەواوی ناوچەکانی سەر دەریای نێوەڕاست رووبەڕووی وشکەساڵی و کەمی ئاو دەبنەوە. ئێمە ئێستا رووبەڕووی بەبیابانبوونیش بووینەتەوە. هەربۆیە پشتگوێخستنی ئەو دۆخە بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی ئاو دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری".
کەتەلۆنیا بۆ ئەوەی رووبەڕووی کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە نەبێتەوە، دوو وێستگەی پاککردنەوە و شیاندنەوەی ئاوی دەریای بۆ خواردنەوە دروستکردووە.
ئیسپانیا لەسەر ئاستی ئەوروپا یەکەم و لەسەر ئاستی جیهان پێنجەم وڵاتە کە زۆرترین ئاوی دەریا پاک دەکاتەوە و رۆژانە بەپێی پێویستی 10 هەزار تاوەکو 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی دەریا پاکدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ