رووسیا و چین پڕۆژە بڕیارێکی ئەمریکایان لەبارەی ئاگربەست لە غەززە ڤیتۆ کرد

22-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا پڕۆژە بڕیاری راگەیاندنی ئاگربەستی لە غەززە پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، بەڵام بەهۆی ڤیتۆی چین و رووسیاوە پەسندنەکرا. رووسیا دەڵێت، "پڕۆژە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە".
 
رۆژی هەینی، 22-03-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاگربەستی غەززە کۆبووەوە. باڵیۆزی ئەمریکا پڕۆژە بڕیارێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی غەززە خستەڕوو، بەڵام رووسیا و چین ڤیتۆیان کرد.
 
رووسیا، واشنتنی بەوە تۆمەتبارکرد کە "دووڕوویی" لەبارەی ئەو جەنگە پیشاندەدات و هیچ گوشارێک لە ئیسرائیل ناکات.
 
ڤاسێلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئەگەر پڕۆژەکە پەسند بکرێت، ئیسرائیل سەرپشک و ئازاد دەبێت لە بەردەوامبوون لە شەڕەنگێزییەکانی دژی فەلەستینییەکان."
 
پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەردەوام و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان"ـی دەکرد.
 
ئەمریکا کە هاوپەیمانێکی بەهێز و نزیکی ئیسرائیلە، چەند جارێک لە رابردوودا پڕۆژەی راگەیاندنی ئاگربەستی ڤیتۆ کردووە، بەڵام ئەمجارە خۆی پڕۆژەیەکی پێشکێش کرد و فەرەنسا و بەریتانیا کە ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی "بەڵێ"یان دا.

 

 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ڤیتۆکەی رووسیا هەنگاوێکی شەرمهێنە، چونکە دەیەوێت ئێمە شکست بێنین".
 
باربرا ودوۆرد، باڵیۆزی بەریتانیاش گوتی، "هەست بە بێهیوایی دەکەین کە رووسیا و چین پشتگیریی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکایان نەکرد".
 
رووسیا گوتی، ئەگەر ئەو پڕۆژە بڕیارە پەسند بکرێت، "ئیسرائیل هەموو پارێزبەندییەکی دەبێت بۆ بەردەوامبوون لە تاوانەکانی؛ هەروەها لە پڕۆژە بڕیارەکەدا باسی تاوانەکانی ئیسرائیل نەکراوە".
 
ئەمریکا لە وەڵامی ئەوەدا گوتی، "ڤیتۆکەی رووسیا و چین نەوەک هەر بێ رێزییە، بەڵکو پڕوپووچە".
 
گرینفیڵد گوتی، "هەموومان دەزانین رووسیا و چین هیچ هەنگاوێکی دیپلۆماسی نانێن کە پێشکەوتن لە بەرقەراربوونی ئاشتی هەبێت".
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد و لە رۆژی هێرشەکەی حەماسدا 1160 هاووڵاتی کوژران. بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلیش 31 هەزار و 988 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 2.4 ملیۆن خەڵکی غەززە "لە لێواری قاتوقڕیدان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئۆتۆمبێلی جەنەڕاڵ ڤانیل سارڤارۆڤ پاش تەقینەوە.

چەند کاژێرێک دوای گفتوگۆکانی ئەمریکا، جەنەڕاڵێکی رووسی کوژرا

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە باشووری مۆسکۆ، جەنەڕاڵێکی باڵای سوپای رووسیا کوژرا. رووداوەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆی شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا دێت لە شاری مەیامیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. لێکۆڵەرانی رووسیاش پەنجەی تۆمەت بۆ "هێزە تایبەتەکانی ئۆکراینا" رادەکێشن.