رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 500 کۆچبەر بەنێو سەرمای نێو نۆکەندی ئینگلیز و بە بەلەم خۆیان گەیاندە بەریتانیا. حکومەتی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ئەم ساڵ یەکەمجارە بەو ژمارە زۆرە کۆچبەر لە فەرەنساوە بگەنە وڵاتەکەیان.
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە یەکەمجارە بەو ژمارە زۆرەوە کۆچبەران بە بەلەم لە فەرەنساوە خۆیان دەگەیێننە ئەوبەر. پێشتر لە سەرەتای ئەم مانگەدا 401 کۆچبەری دیکە خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا.
تاوەکو ئێستاش تەنیا لە ئەم ساڵدا 4000 کەس بە بەلەم گەیشتوونەتە بەریتانیا. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوو هەفتە لەمەوپێش باندێکی قاچاخچێتی بە کۆچبەران لە ئەڵمانیا دەستگیرکران، کە تۆمەتبار دەکرێن بە گواستنەوەی کۆچبەران و پەڕاندنەوەیان لە نۆکەندی ئینگلیز.
هەر ئەم هەفتەیە ئاشکرا بوو کە فەرەنسا داواکاریی ڤیزای ژمارەیەک هاونیشتمانیی باشووری کوردستانی رەتکردووەتەوە و تەنیا یەکێکیانی قبووڵ کردووە. ئەو هاونیشتمانییانەی داواکاریی ڤیزایان لەلایەن فەرەنساوە رەتکراوەتەوە، کەسوکاری ژمارەیەک کۆچبەرن کە پێشتر لە نۆکەندی ئینگلیزدا خنکاون و لەسەر داوای دادگای فەرەنسی دەبووایە لەبەردەم دادوەردا ئامادەبن.
پاساوی فەرەنسا بۆ رەتکردنەوەی داوای ڤیزاکەیان ئەوەیە، دڵنیا نەبووە لەوەی ئەو کەسانە خۆشیان داوای مافی مانەوە بکەن لە ئەورووپا. پارێزەرە فەرەنسییەکەی ئەو هاونیشتمانییانە پاساوەکەی حکومەتی فەرەنسا بە راست نازانێت و پێیوایە ئەوانەی دەهاتن، منداڵیان هەن لە کوردستان و نەیاندەویست بمێننەوە.
لەو دۆزەدا کە لە فەرەنسا بۆ دۆسێی خنکانی کۆچبەرانی کورد کراوەتەوە، جگە لە 11 قاچاخچی، 7 پۆلیسی فەرەنسیش دادگایی دەکرێن، کە دەگوترێت بە ئەنقەست فریای کۆچبەرە خنکاوەکان نەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ