رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، تەنیا رۆژی چوارشەممە زیاتر لە 500 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە، راشیگەیاند رێگرییان لە 10 بەلەمی دیکەش کردووە کە ویستوویانە لە نۆکەندەکە بپەڕنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژی چوارشەممە زیاتر لە 500 کۆچبەر لە فەرەنساوە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئەوەش زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانە لەم ساڵدا لە ماوەی یەک رۆژدا لە نۆکەندەکە بپەڕنەوە.
زۆرترین ژمارەی کۆچبەران کە لە یەک رۆژدا لەم ساڵدا لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەیەوە، رۆژی 4ـی ئەم مانگە بوو، کە ژمارەیان 401 کەس بوو.
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندەکە پەڕیونەتەوە گەیشتووەتە 4,043 کۆچبەر، ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 10٪ زیاترە، لەو کاتەدا ژمارەکە 3,683 کۆچبەر بوو.
رۆژی سێی مانگی رابردوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکانی بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا 76 هەزار کۆچبەر هەوڵیانداوە بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بپەڕنەوە بەریتانیا.
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکانی بەریتانیا، لە دوو ساڵی رابردوودا پۆلیسی بەریتانیا توانیویەتی رێگە لە 26 هەزار کۆچبەر بگرێت کە ویستوویانە بە بەلەمی بچووک خۆیان بگەیێننە بەریتانیا.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردوونەتەوە، ساڵی رابردوو چوونی کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بەراورد بە ساڵی 2022، 36% کەمیکردووە.
ساڵی 2022 حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکە.
نۆکەندی ئینگلیز بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگە ئاوییەکان دادەنرێت کە کۆچبەران بەکاریدەهێنن و بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 1999ـەوە 376 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەریتانیا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بە چەند رێگەیەک چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە کەم بکاتەوە، لەوانەش زیادکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا و ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ