رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کوژران.
نیۆم کریستی، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بەداخەوە، ئەمشەو دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی کوژران". دەشڵێت، "چالاکانە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین و سەرقاڵی دەستخستنی زانیاری زیاتر و راگەیاندنیانین".
رووداوەکە شەوی چوارشەممە کاژێر 21:05 بە کاتی واشنتن دی سی (4:05ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر) بوو.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە مۆزەخانەکەدا سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوون. هەروەها، کوژراوەکان ژن و پیاوێکن.
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "تکایە نزا بۆ کەسوکاری قوربانیان بکەن. تاوانبارەکە بە سزای خۆی دەگەیەنین".
بە گوێرەی پۆلیسی ئەمریکا، تەقەکەرەکەیان دەستگیرکردووە و تەمەنی 30 ساڵە. پێش ئەوەی کارەکەی بکات چەند جارێک هاواریکردووە و گوتویەتی "ئازادی بۆ فەلەستین".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "پێویستە ئەم کوشتنە تۆقێنەرانە کە لەسەر بنەمای دژەجووە ئێستا کۆتاییبێت".
دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە، رووداوەکە "تیرۆری دژە جووە". دەشڵێت، "ئازاردانی دیپلۆماتکارەکان و جووەکان هێڵی سوورە". ئاماژەی بەوەش کرد، "گەشبینین کە بەرپرسانی ئیسرائیل کاردانەوەی تووندیان دژی بکەرانی ئەو تاوانە دەبێت و ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ پاراستنی هاووڵاتی و نوێنەرانی لە هەموو جیهان".
لە دوای دەستپێکی جەنگی غەززەوە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023دا، هێرش بۆ سەر جووەکان و دامەزراوەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی جیهان بەتایبەت ئەمریکا زیادیکردووە.
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی جیهانی جووەکان و ئاژانسی جوو بۆ ئیسرائیل، پار "تاوانی" دژە جوو لە جیهان 340٪ بەراورد بە 2022 زیادیکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ