رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاند، کوڕێکی تەمەن هەشت ساڵ و ژنێک، کە هەردووکیان گومان دەکرێت هاووڵاتی تورکیا بن، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز بۆ بەریتانیا لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا گیانیان لەدەستداوە. بەشێک لە کۆچبەرانی ئەو گەشتە، ئێرانی و عێراقی بوون.
رووداوەکە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە روویداوە، بەمەش بەپێی ئامارە فەرمییەکان ژمارەی ئەو پەناخوازانەی کە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا لە هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە، بۆ پێنج کەس زیادی کرد.
بەرێوەبەرایەتیی دەریایی فەرەنسا بۆ نۆکەندی ئینگلیز و دەریای باکوور رایگەیاند، ژنەکە و منداڵەکە بە مردوویی لەناو بەلەمێکی قەرەباڵغدا دۆزراونەتەوە کە نزیکەی 80 کۆچبەری هەڵگرتبوو و داوای یارمەتییان لە کەشتییەکی هێزی دەریایی فەرەنسا کردبوو.
ئەو بەلەمە بچووکانەی کە قاچاخچییەکان بۆ گواستنەوەی پەناخوازان بەکاریاندەهێنن بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز، زۆرجار ئەوەندەیان خەڵک هەڵگرتووە، کە سەرنشینەکان بەهۆی خنکان یان ژێرپێکەوتنەوە گیان لەدەستدەدەن.
بەلەمەکە لە شارۆچکەی باکووری گراڤلین بەڕێکەوتبوو، دەستبەجێ کەشتییەکی هێزی دەریایی فەرەنسا بۆ چاودێریکردنی رەوانەکرابوو.
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کاتێک بەلەمەکان دەکەونە سەر ئاو دەستوەردان ناکەن، مەگەر بۆ مەبەستی رزگارکردن بێت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە.
بەرێوەبەرایەتییە دەریاییەکە رایگەیاند، تیمێکی پزیشکی مردنی ئەوانی پشتڕاستکردەوە و لەگەڵ 10 سەرنشینی دیکەدا کە داوای یارمەتییان کردبوو، گواسترانەوە بۆ شاری بەندەریی کالێ. بەلەمەکەش لە گەشتەکەی بەرەو بەریتانیا بەردەوام بوو.
بەگوێرەی تیمە فریاگوزارییەکان، کوڕێکی تەمەن هەشت ساڵ و ژنێکی تەمەن 40 ساڵن، کە هەردووکیان هاووڵاتی تورکیان گیانیان لەدەستداوە.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی داوای یارمەتییان کردبوو هاووڵاتی تورکیا بوون، بەڵام ئێرانی، عێراقی و سوودانیشیان تێدابوو.
رێکخراوی یۆتۆپیا 56، کە رێکخراوێکی تایبەت بە کۆچبەرانە، رایگەیاند، لەم دواییانەدا قاچاخچییەکانی مرۆڤ بەهۆی کەشوهەوای لەبارەوە چەندین بەلەمی بچووکیان بەڕێخستووە.
سێلێستین پیشۆ، هاوئاهەنگیکار لە یۆتۆپیا 56، گوتی رێکخراوەکەیان نۆ نامەیان لە کۆچبەرانەوە پێگەیشتووە.
پیشۆ گوتی، لەنێویاندا نامەیەکی دەنگی بە زمانی ئینگلیزی تێدابووە کە تیایدا هاتبوو "لانیکەم دوو کەس گیانیان لەدەستداوە."
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، لانیکەم 15 کۆچبەر لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە.
لە ساڵی 2024ـدا کۆی گشتی 78 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز بە بەلەمی بچووک گیانیان لەدەستدا، کە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ