کۆشکی سپی: ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کرد

22-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن لە بارەی دانوستاندنی ئەتۆمییەکانی ئێران و کوژرانی دوو کارمەندی کۆنسڵخانەی ئیسرائیل قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە. 
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، ترەمپ و نەتەنیاهوو "گفتوگۆی بەرهەمداریان" هەبوو. 
 
لێڤیت باسی لەوەش کرد، دانوستاندنەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "بە ئاراستەی دروستدا دەڕۆن."
 
بەم دواییانە، ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ناکۆک بوون. واشنتن دەیەوێت لە رێگەی دانوستاندنەوە لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتن، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت پەنا بباتە بەر بژاردەی سەربازی.

لێڤیت گوتی: "ئەوان باسیان لە زۆر شت کرد، لە نێویاندا، رووداوی تراژیدیی تەقەکردنەکەی دوێنێ شەوی ئێرە لە واشنتن."

شەوی رابردوو، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە مۆزەخانەیەکی جووەکان لە واشنتن کوژران. بکوژەکە هاووڵاتییەکی ئەمریکیی کرستیان بوو کە لە کاتی هێرشەکە دروشمی "ئازادی بۆ فەلەستین"ی گوتووە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی هەروەها گوتی: "بەڵام ئەوان باسیان لە رێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێرانیش کرد، کە سەرۆک پێیوایە بە ئاراستەی دروستدا دەڕوات."

بڕیارە ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی جارێکی دیکە لە رۆما گفتوگۆ بکەنەوە. تاوەکو ئێستا چوار گەڕی دانوستاندنیان کردووە. 

لێڤیت گوتی، ترەمپ پێیوایە "کۆتایی ئەم رێککەوتنە لەگەڵ ئێران دەکرێت بە دوو شێوە بێت. دەکرێت کۆتاییەکەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیی زۆر ئەرێنی بێت، یانیش دەکرێت کۆتاییەکەی دۆخێکی زۆر نەرێنی بێت بۆ ئێران."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا