رووداو دیجیتاڵ
شاری مێدیلین لە نێوەڕاستی کۆڵۆمبیا لەو شارانەیە ساڵانە لە چەند مانگێكدا پڕ لە گەشتیار دەبێت. ساڵی رابردوو، زیاتر لە ملیۆنێک و نیو گەشتیار چوونەتە ئەو شارە؛ بەڵام دیوێکی دیکەیشی هەیە، هەر شەو دادێت شەقامەکان پڕ لە کچ و ژنی نیمچەڕووت دەبن، کە کاری لەشفرۆشی دەکەن.
گەشتیاران دەڕژێنە سەر شەقامەکان و تاوەکو رۆژ دەبێتەوە ناخەون. میلێنا، لەشفرۆش دەڵێت، "ژنان هەڵسووڕێنەری کەرتی گەشتیاریی ئەم شارەن، چونکە پیاوان دێنە کۆڵۆمبیا و بەدوای ژناندا دەگەڕێن. کڕیارە بیانییەکان پارەی زیاترمان پێدەدەن و ئاسانترە قسە لەگەڵ ئەوان بکەین. ئەوان جیاوازتر مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن و پارەی زۆر باشتر دەدەن."
هەر ژنێکی لەشفرۆشی ئەو شەقامانە، شەوانە نزیکەی 150 بۆ 300 دۆلاری دەستدەکەوێت؛ ئەوەش یەکسانە بە مووچەی مانگێکی فەرمانبەرێکی کۆڵۆمبیا.
لە یاسای کۆڵۆمبیادا لەشفرۆشی ئاساییە و هەموو کەسێک لە تەمەنی 18 ساڵ بەرەو ژوور دەتوانێت بیکات، بەڵام کێشە سەرەکییەکە بەکارهێنانی منداڵانە بۆ ئەو کارە.
بەشێک لەو گەشتیارانەی دەچنە ئەو وڵاتە سێکس لەگەڵ کچانی خوار تەمەن 15 ساڵ دەکەن. جازمین سانتا، توێژەر و مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "بەگوێرەی لۆژیکی ئەوانەی سێکس لەگەڵ منداڵان دەکەن، دەتوانن بێنە مێدیلین و پەیوەندیی سێکسی ببەستن. ئەوان بڕوایان وایە کە ئەمە شتێکی ئاساییە، نەوەک ئەوەی تاوان بێت."
دوو مانگ لەمەوبەر گەشتیارێکی تەمەن 36 ساڵی بە تۆمەتی سێکسکردن لەگەڵ دوو کچی تەمەن 12 ساڵ و 13 ساڵ دەستگیر کرا. لەسەر ئەو رووداوە پارێزگاری مێدیلین بڕیاریدا بۆ شەش مانگ لەشفرۆشی قەدەخە بکات، بەڵام بڕیارەکە تووڕەبوونی خەڵکی بەدوادا هات؛ هاووڵاتییانی ناڕازی دەیانگوت، نابێت 5000 خێزان بێ کار و پارە بمێننەوە.
ڤالێری رامیرێز، سەرۆکی یەکێتیی لەشفرۆشانی هەرێمی ئەنتیۆکیا دەڵێت، "ئەو باند و رێکخراوانەی منداڵ بەکاردەهێنن بۆ لەشفرۆشی بۆ گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی، لەلایەن حکومەتەوە هەڵدەوەشێندرێنەوە."
بەگوێرەی پۆلیسی کۆڵۆمبیا، لەنێوان ساڵانی 2020 و 2022 لانیکەم 714 منداڵ بۆ مەبەستی لەشفرۆشی بەکارهێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ