رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە لە بەریتانیا پەناخوازە دەڵێت، حکومەتی ئەو وڵاتە 27 کەسی ئاگادارکردوونەتەوە کە ئەو و پێنج کەسی دیکەیان کوردن و پێیانگوتوون، یان دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان دەکەنەوە یان دەیاننێرنە وڵاتی رواندا.
رۆژی شەممە، 22ی تەممووزی 2023، هاونیشتمانییەک بە ناوی ئاراس عەلی کە لە بەریتانیا پەناخوازە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرچەند بڕیار دراوە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا رابگیرێت و نایاساییە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا دەڵێن ئەو کەسانەی پێشتر بڕیار بووە بنێردرێن بۆ رواندا، دەبێت یان دیپۆرت بکرێنەوە وڵاتی خۆیان یان بنێردرێنە رواندا کە ژمارەمان 27 کەسە".
لەو 27 کەسە شەشیان کوردن، سێ کەسیان خەڵکی باشووری کوردستانن؛ دوو کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوی دیکەشیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە. ئەوانی دیکە خەڵكی ئەلبانیا، چین و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەن.
ئاراس عەلی کە خەڵکی شاری کەرکووکە، رۆژی 5-5-2022 لە فەرەنساوە چووەتە بەریتانیا و دەڵێت، "ئەو رۆژەی من گەیشتمە ئەو وڵاتە، بۆ یەکەمجار بڕیاردرا کە کۆچبەرانی نایاسایی بنێردرێنە رواندا و ئێمەش دەستگیرکراین. ئێستا لە هۆتێل دەستبەسەرین و پەیاممان بۆ هاتووە کە دەبێت یان دیپۆرتی عێراق بکرێینەوەیانیش دەماننێرنە رواندا".
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەیەک لەمەوبەر ویستوویەتی بگەڕێتەوە فەرەنسا، بەڵام پۆلیس پێیان زانیوە و دەستبەسەریان کردووە و گەڕاندوویانەتەوە شوێنی خۆی؛ گوتیشی، پۆلیس گوتویەتی، بە هیچ جۆرێک نابێت لە لەندەن بچێتە دەرەوە تاوەکو چارەنووسی یەکلایی دەبێتەوە.
رۆژی 29ی حوزەیرانی 2023، دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە "نایاسایی" ناساند و رایگەیاند، "رواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە."
ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، بە گوتەی دادوەرەکانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، "پێشێلکردنی بڕگەی سێی یاسایی مافی مرۆڤی ئەوروپییە، کە ئاماژە بەوە دەکات هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت و رووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ