رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکا و چوار وڵاتی دیکەی سەر دەریای کاریبی ناتوانن بێ ڤیزە سەردانی بەریتانیا بکەن و هۆکارەکەشی بۆ "خراپبەکارهێنانی سیستمەکە" دەگەڕێنێتەوە.
جگە لە دۆمینیکا، هەڵگرانی پاسپۆرتەکانی هەریەکە لە هیندۆراس، نامیبیا، تیمۆر و ڤانواتوو ناتوانن بێ وەرگرتنی ڤیزە بچنە نێو خاکی بەریتانیا.
سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، "ئەو گۆڕانکارییانە بە هۆکاری ئەمنی و سیستمی پەنابەرییەوە کراون".
برەیڤەرمان ئەوەشی راگەیاند کە دۆمینیکا و ڤانواتوو، بە شێوەیەکی خراپ وەبەرهێنانیان لە بەخشینی وڵاتینامە و پاسپۆرتدا دەکەن و "وڵاتینامەیان داوەتە کەسانێک کە مەترسین لەسەر شانشینی یەکگرتوو".
بەگوێرەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، خەڵکێکی زۆر لەو وڵاتانەوە بێ ڤیزە دەچنە نێو خاکی بەریتانیا و ئیدی بە نایاسایی لەوێ دەمێننەوە و کار دەکەن و دواتریش داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.
قەدەخەکردنی گەشتکردن لە هاووڵاتییانی ئەو پێنج وڵاتە بێ وەرگرتنی ڤیزە، دەچێتە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی لێشاوی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە.
لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستانیش، خەڵکێکی زۆر پاسپۆرت و وڵاتینامەی دۆمینیکایان کڕیوە و بەمەبەستی گەشتکردن بەکاری دەهێنن.
دۆمینیکا دوورگەیەکی سەر دەریای کاریبییە و لە ساڵی 1993 حکومەتی دۆمینیکا بڕیاریدا پاسپۆرت و وڵاتینامەکەی بداتە کەسانی بیانی بە پەیڕەوکردنی چەند یاسایەک، خاڵی بەهێزی وڵاتینامە و پاسپۆرتەکە ئەوەیە هەڵگرەکەی بۆ زیاتر لە 130 وڵات بێ ڤیزە دەتوانێت گەشت بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ