رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی سێیەم تێکشکێنەری سەربازی دروست دەکات، بڕیارە تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتوو تاقیبکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەم ساڵ دوو دانەی دیکەی تاقیکردەوە.
رۆژی سێشەممە 22ی تەممووزی 2025 میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، وڵاتەکەیان کەشتییەکی تێکشکێنەری سەربازی، کە 5000 تۆن دەبێت، دروستدەکات.
میدیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، کەشتییەکە ناوی 'چۆی هیۆن' دەبێت، کە گەورە جەنەراڵێکی پێشووی وڵاتەکە بووە. کۆریای باکوور پێشتر و لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ئەم ساڵ دوو کەشتیی سەربازیی دیکەی هاوشێوەی تاقیکردەوە.
بەگوێرەی سوپای کۆریای باشوور، ئەو وڵاتە کەشتییەکانی بە هاوکاریی رووسیا دروستدەکات لە بەرامبەر هاوکاریکردنی مۆسکۆ لە جەنگی دژی کیێڤ.
بەرپرسانی کیێڤ چەند جارێک پیۆنگیانگ-یان بە یارمەتیدانی سەربازیی مۆسکۆ لە جەنگی نێوانیاندا تۆمەتبارکردووە. نیسانی ئەم ساڵیش کۆریای باکوور دانی بەوەدانا کە سەربازی ناردووە بۆ هاوکاریکردنی رووسیا.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی کۆریای باکوور، بڕیارە کەشتییەکە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2026 تاقیبکرێتەوە، ئەو رۆژە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریای باکوورە.
پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور تاکە پارتی وڵاتەکە نییە، بەڵام ئەو پارتانەی دیکە کە لەو وڵاتەدا چالاکن پێویستە دان بەوەدا بنێن کە پارتەکە دەبێت رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە وڵاتەکەدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ