رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ حکومەتی ئەڵمانیا ژمارەیەک پەناخوازی عێراقی لە رێگەی فرۆکەیەکی تایبەتەوە لە شاری لایپزیگی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دیپۆرتی بەغدا کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە لەو پەناخوازانەی دیپۆرتکراونەتەوە، کوردی تێدایە یان نا.
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردەوە بەیانی ئەمڕۆ کاژێر 11ی بەیانی بەکاتی ئەڵمانیا، فڕۆکەیەکی تایبەت کە 43 پەناخوازی دیپۆرتکراوی عێراقی تێدا بووە، بەرەو فرۆکەخانەی بەغدا بەڕێکەوتووە.
وەزارەتی کۆچبەرانی هەرێمی تۆرینگنگی ئەڵمانیا، دیپۆرتکردنەوەی 43 پەناخوازە عێراقییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش باسیان لەوە کردووە ئەو 43 پەناخوازەی دیپۆرتکراونەتەوە، تاوانیان کردووە.
میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن، پەناخوازەکان بە دوو پاسی گەورە لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی پەناخوازان گوێزراونەتەوە بۆ فرۆکەخانەی لایپزیگ و ئەفسەرانی پۆلیسیش بە تاکە کەسی یاوەریی سەرنشینەکانیان کردووە لە کاتی چوونیان بۆ نێو فڕۆکەکە.
حکومەتی نوێی ئەڵمانیا کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵێنی تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر بە کۆچبەران و پەناخوازان داوە. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، پار 816 پەناخوازیی عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکردووە نزیکەی 200 لەو دیپۆرتکراوانە رەوانەی وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا کراون، بۆ ئەوەی لە وڵاتی سێیەمەوە، مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی پەنابەرێتیان بکرێت، لە کاتێکدا 615یان راستەوخۆ دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە.
لە مانگی شوباتی ئەم ساڵیش، 47 پەناخوازی عێراقیی لە شاری هانۆڤەرەوە لە باکووری ئەڵمانیا دیپۆرتکراونەتەوە.
دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازە عێراقییە لەکاتێکدایە رۆژی 18ی ئەم مانگە، حکومەتی ئەڵمانیا، 81 پەناخوازی ئەفغانی بۆ ئەو وڵاتە دیپۆرتکردەوە، هەروەها سەرجەم ئەو 81 پەناخوازە، بە هەمان شێوەی پەناخوازە دیپۆرتکراوە عێراقییەکان، تاوانیان کردووە.
بەگوێرەی راپرسییەکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) لە ساڵی 2023 کە لەنێو پەناخوازە دیپۆرتکراوە و گەڕاوەکانی عێراقدا کراوە؛ نزیکەی لەسەدا 50ی بەشداربووانی راپرسییەکە، رایانگەیاندووە بەنیازن لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە لە عێراق کۆچ بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ