رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، واشنتن پاڵپشتیی حکومەتی کاتیی سووریا دەکات بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان و دەڵێت، "ئەوان شتێکیان هەیە کە هەموو کەس نییەتی، ئەویش هێز و هاندانی گەلی ئەمریکا و سەرۆکی ئەمریکایە."
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا ئاگاداری ئەو راپۆرتانەیە کە باس لە تێوەگلانی ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە دیمەشق لە تووندووتیژییەکانی باشووری سووریا دەکەن و گوتی، "رەنگە [ئەو گرووپانە] راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی سووریاوە ئاراستە نەکرێن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی خواستی دیمەشق بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپانە گوتی، "ئەوەی کە ئایا ویست و توانایان هەیە یان نا، بۆمان دەردەکەوێت. ئەوان [حکومەتی سووریا] شتێکیان هەیە کە هەموو کەس نییەتی، ئەویش هێز و هاندانی گەلی ئەمریکا و سەرۆکی ئەمریکایە."
تامی برووس ستایشی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرد و گوتی، یەکێکە لە باشترین دیپلۆماتکارەکانیان.
رووداوەکانی سوەیدا رۆژی 13-07-2025 دەستیانپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی کە دروزەکانی پارێزگاکە رایانگەیاند، عەرەبە دەشتەکییەکان سەوزەفرۆشێکی دروزیان رفاندووە. هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرژوەندیی عەرەبە دەشتەکییەکاندا کرد. رۆژی 20ی ئەم مانگە لەسەر داوای ئەمریکا ئاگربەست لە شارەکە راگەیێندرا و عەرەبە دەشتییەکان کشانەوە و هێزەکانی حکومەت لە چەند ناوچەیەک بڵاوکرانەوە.
"تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە"
سەبارەت بە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئێران لەگەڵ ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لە ئیستەنبووڵ لەبارەی پرسی ئەتۆمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە.
تامی برووس لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا کە ئایا ئەمریکا هیچ وادەیەکی دیاریکردووە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان، گوتی، "وەک سەرۆک [ترەمپ] گوتوویەتی، گەلی ئێران لە دانوستاندنی نیازپاکانە سوودمەند دەبێت، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردایەتیی ئێران دەرفەتێکی لەبەردەستدایە بۆ هەڵبژاردنی رێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەیان و دووپاتیکردەوە، "ئێمەش ئامادەین راستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان قسە بکەین."
برووس جەختی لە هاوئاهەنگی نزیکی نێوان ئەمریکا و هاوبەشە ئەورووپییەکانی کردەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: سوپاس تامی، باست لەوەکرد کە داوا لە حکومەتی سووریا دەکەن کە دەست بەهەنگاوی داهاتوو بکات و ئەوانە رووبەرووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە کە بەشداربوونە لە پێشێلکارییەکان لە سووریا، ئێوە بڕوای تەواوتان هەیە کە حکومەتی کاتی سووریا توانا و خواستی هەیە ئەو کەسانە رووبەرووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە، لە نێویاندا ئەو گرووپانەی سەر بەخۆیانن؟
تامی برووس: بەڵێ، ئێمە دەزانین. بێگومان ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین، ئاگادارین کە هەندێک کەس کە رەنگە پەیوەندییان هەبێت، بەڵام لەلایەن حکومەتی سووریاوە ئاراستە نەکرێن، رەنگە بەشێک بن لەو کارانە. ئەوەی کە ئایا ویست و توانایان هەیە یان نا، بۆمان دەردەکەوێت. ئەوان شتێکیان هەیە کە هەموو کەس نییەتی، ئەویش هێز و هاندانی گەلی ئەمریکا و سەرۆکی ئەمریکایە. باڵیۆز باراک یەکێکە لە باشترینەکانمان. بۆیە ئەوان ئەو پشتگیرییەیان هەیە. بێگومان، هەنگاوەکانی ئێمەش بۆ یارمەتیدان و ئاسانکردنی ئەو پرۆسەیە دەبێت. لێرەدایە کە بۆمان دەردەکەوێت کە ناخی خەڵک چی تێدایە و دەتوانن چی بکەن.
رووداو: پرسیاری دووەم لەبارەی ئێران، ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی لەکۆتایی ئەم هەفتەیە لەبارەی پرسی ئەتۆمی لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە، ئەمریکا هیچ هیوایەکی بەو کۆبوونەوەیە هەیە، ئایا ئێوە کۆتایی مانگی هەشتان وەک دوا وادە بۆ ئێران دیارکردووە کە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتنی ئەتۆمی بکات؟
تامی برووس: وەک سەرۆک [ترەمپ] گوتوویەتی، گەلی ئێران لە دانوستاندنی نیازپاکانە سوودمەند دەبێت، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە. سەرکردایەتیی ئێران دەرفەتێکی لەبەردەستدایە بۆ هەڵبژاردنی رێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەیان، هەروەها ئێمەش ئامادەین راستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان قسە بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە هاوئاهەنگی نزیکمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە گرووپی E3 [ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا] هەیە، بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا چی روودەدات، ئاراستەی هاوبەشە ئەوروپییەکانتان دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ