رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند بڕیارە رۆژی چوارشەممە لەگەڵ رووسیا لە شاری ئیستەنبووڵ دەست بە دانوستاندنەکانی ئاشتی بکەنەوە، بەڵام رووسیا دەڵێت، چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەوتۆ لە دانوستاندنەکان ناکەن.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی تەمموزی 2025، بڕیارە شاندی ئۆکراینا و رووسیا لە تورکیا کۆببنەوە و چەند پرسێک تاوتوێ بکەن، لەوانە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و رێگەخۆشکردن بۆ رێکخستنی ئەگەری کۆبوونەوەیەک لەنێوان ڤۆلۆدمێیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و هاوتا رووسییەکەی، ڤلادیمیر پووتین.
لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە، زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، گوتی "من ئەمڕۆ لەگەڵ روستەم ئومێرۆڤ [سەرۆکی شاندی ئۆکراینا]، لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ لایەنی رووسی لە تورکیا قسەم کرد."
ئومێرۆڤ، سەرپەرشتیی دوو گەڕی دانوستاندنەکانی لەگەڵ شاندی رووسیا لە ئیستەنبووڵ کردووە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، رووسیا خەریکی ئامادەکارییە بۆ دانوستاندنەکان، بەڵام نەیشاردەوە، بەهۆی جیاوازییە قووڵەکانی نێوانیان، هێشتا کاری دیپلۆماسیی زۆر ماوە.
ئەم دانوستاندنانە دوای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دێن کە لە 15ی ئەم مانگە مۆڵەتێکی 50 رۆژەی دایە رووسیا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئۆکراینا، ترەمپ رایگەیاند سزای زۆر قورس بەسەر رووسیادا دەسەپێنێت.
ئەم گەڕە نوێیەی دانوستاندنەکان لە کاتێکدایە کە هێرشی درۆن و مووشەکەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە، لەوانەش هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر شاری کیێڤ و هەرێمی سومی.
بۆ ئەو دانوستاندنانە، کرێملن کۆمەڵێک مەرجی هەیە کە بە "هێڵی سوور" و "واقیعی نوێ" ناویان دەبات و سازشیان لەسەر ناکات.
ئەو مەرجانەش بریتیین لەوەی ئۆکراینا بە فەرمی دەستبەرداری هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا ببێت و وەک بەشێک لە خاکی رووسیا دانیان پێدا بنێت. هەروەها، دەبێت لکاندنی نیمچە دوورگەی کریمیا بە رووسیاوە کە لەساڵی 2014وە مۆسکۆ دەستی بەسەرداگرتووە بە فەرمی قبووڵ بکات.
رووسیا داواکارە وڵاتانی رۆژئاوا هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراینا رابگرن و دەبێت کیێڤ بە تەواوی دەستبەرداری هەر بیرۆکەیەک ببێت بۆ چوونە ناو هاوپەیمانیی ناتۆ و بێلایەنیی خۆی لە دەستووردا بچەسپێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا مۆسکۆ داوای کەمکردنەوەی توانای سەربازیی ئۆکراینا دەکات.
لە بەرامبەردا، ئۆکراینا رەشنووسێکی 10 خاڵیی بۆ راگرتنی جەنگ و راگەیاندی ئاگربەست پێشکێشکردووە کە تێیاندا داواکارییەکانی رووسیا رەتدەکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو رەشنووسە، داواکاریی ئۆکراینییەکان بریتین لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی رووسیا لە هەموو خاکی ئۆکراینا. بە نیمچەدوورگەی کریمیا و دۆنباسیشەوە، و گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی 1991.
هەروەها داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگی رووسیا و ناچارکردنی مۆسکۆ بە قەرەبووکردنەوەی ئۆکراینا دەکات. جگە لەوەش داوای گەرهنتیی ئەمنی و بەهێز لە وڵاتانی زلهێز دەکات، کە رووسیا لە داهاتوودا هێرش ناکاتەوە سەر ئۆکراینا.
سەرەڕای هەڵپەساردنی گفتوگۆکان، تاکە بواری دانوستاندن کە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ دەکرێت لەنێوان ئەو دوو دوژمنە دێرینە پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەکانە. ئەم پڕۆسەیە زۆرجار بە نێوەندگیریی وڵاتانی وەک تورکیا، ئیمارات و سعودیە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ