ترەمپ: رۆژی پێنجشەممە خۆم بەدەستەوە دەدەم

22-08-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە لە دادگەی ئەتلانتا لە ویلایەتی جۆرجیا خۆی بەدەستەوە دەدات، ئەوەش دوای ئەوە دێت ترەمپ لەلایەن دەستەی باڵای دادوەرانی ویلایەتەکە بە "گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لە ویلایەتی جۆرجیا" تۆمەتبار دەکرێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی ئابی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە دەچمە ئەتلانتا بۆ ئەوەی لەلایەن دادوەری چەپی تووندئاژۆ [دادوەری دادگەی باڵای ویلایەتی جۆرجیا] دەستگیربکرێم."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە دەستەی باڵای دادوەرانی ویلایەتی جۆرجیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلار ئازاد دەکرێت و بەند ناکرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 15ـی ئابی 2023، دەستەی باڵای دادوەرانی ویلایەتی جۆرجیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و 18 بەرپرسی دیکەی ئیدارەی ئەوکاتەی ترەمپ تۆمەتی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی 2020ـیان خراوەتە پاڵ.
 
فانز ویڵز، داواکاری گشتی لە دادگەی ویلایەتی جۆرجیا بە میدیای ئەمریکای گوت: "ترەمپ و ئەوانی دیکە هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی نایاسایی  ئەنجامی هەڵبژاردن لە ویلایەتی جۆرجیا بگۆڕن."
 
ئەمە چوارەم تۆمەتە دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا ئاراستە دۆناڵد ترەمپ دەکرێت، بەڵام ترەمپ ئەو تۆمەتانە بە "بێ بنەما" ناودەبات.
 
رۆژی 4-8-2023، ترەمپ چووە بەردەم دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا لە واشنتن، تۆمەتەکانی پەیوەست بە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەساڵی 2020 و هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس رەتکردەوە و دادگە بە کەفالەت ئازادی کرد و بڕیارە دانیشتنی دووەمی ئەو دۆسیەیەش لە 28ی ئاب بەڕێوەبچێت.
 
رۆژی 28-7-2023 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەلایەن داواکاری گشتیی ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار کرا کە گرتە ڤیدیۆکانی کامێرا چاودێرییەکانی ماڵەکەی لە مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا، سڕیونەتەوە.
 
ترەمپ یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەگوێرەی راپرسییەکی پەیمانگەی سیەنا پۆڵی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری دڵخوازی لایەنگرانی پارتی کۆمارییە لە ئەمریکا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.