رووداو دیجیتاڵ
لە گرتووخانەیەکی سەر بە سوپای ئۆکراینا لە هەرێمی سوومیی نزیک سنووری رووسیا هەموو ئەو سەربازە رووسییانەی تێدا دەستبەسەر کراوە کە لە هێرشەکەی سوپای ئۆکراینا بۆ سەر هەرێمی کورسکی رووسیا دەستگیرکراون.
سەربازە رووسەکان دەڵێن، هەرگیز پێشبینی ئەوەیان نەکردووە دەستگیربکرێن.
سەربازێکی بەدیلگیراوی رووسی دەڵێت: "دوو مانگم مابوو لە ئەرکەکەم تەواو بم و بگەڕێمەوە ماڵەوە، پێشتریش ماوەی دە مانگ خزمەتی سەربازیم کردبوو. منیان رەوانەی سنوور کرد، هەموو شتێک باش بوو، دواتر ئەو رووداوە روویدا و هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە."
لە هێرشەکەی شەشی ئەم مانگەی سوپای ئۆکراینا بۆ سەر هەرێمی کورسک، 80 سەربازی رووسی لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە بەدیل گیران.
بەشێکییان دەڵێن، فەرماندەکانیان لە هێرشەکە ئاگادارییان نەکردوونەتەوە.
سەربازێکی دیکەی بەدیلگیراوی رووسی دەڵێت: "ئێمە لەلایەن فەرماندەکانمانەوە بەجێهێڵدراین. هیچ شوێنێکمان نەبوو بۆی بچین. سەربازانی ئۆکراینی لە هەموو لایەکەوە گەماڕۆیان داین. شەڕکردن لەوکاتەدا زۆر بێمانا بوو، ئەگەر بمانویستایە شەڕ بکەین، سەربازانی ئۆکراینا بە نارنجۆک لێیاندەداین".
زۆربەی سەربازە بەدیلگیراوەکان تەمەنیان بچووکە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەوە و ئاڵۆگۆڕیان پێبکرێت.
سەربازێکی بەدیلگیراوی رووسی باس لەوە دەکات، "ئەگەر ئەمجارە ئازاد بکرێم خۆم لە دارستانێک دەشارمەوە و ناچمە بەرەکانی جەنگ. پێویستم بە شەڕ نییە و لەلام گرنگ نییە".
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، دەیانەوێت سەربازە بەدیلگیراوەکان بەو شەش هەزار و 500 سەربازە ئۆکراینییە بگۆڕنەوە کە رووسیا دەڵێت، بەدیلی گرتوون. گفتوگۆکانی هەردوولاش لەوبارەیەوە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ