وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لەبەر نەسەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیل دەستی لەکارکێشایەوە

22-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاسپار ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رۆژی هەینی دوای ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نەگەیشتە رێککەوتن لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا، دەستی لەکارکێشایەوە.
 
دوای ئەوەی گفتوگۆی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا گەیشتە بنبەست، وەزیرەکە بە ئاژانسی ANPـی هۆڵەندی راگەیاند، "دەبینم کە بە شێوەیەکی پێویست ناتوانم رێوشوێنی زیاتری کاریگەر بگرمەبەر بۆ زیادکردنی گوشار لەسەر ئیسرائیل."
 
مانگی رابردوو، ڤێڵدکامپ رایگەیاند کە ئیتامار بێن گڤیر و بتسائیل سمۆتریچ، وەزیرە راستڕۆ تووندڕۆکانی ئیسرائیل، مافیان نییە سەردانی هۆڵەندا بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، ڤێڵدکامپ رایگەیاند کە دەیەوێت هەنگاوی زیاتر دژی ئیسرائیل بنێت، بەڵام دواتر دانی بەوەدا نا کە بڕوا ناکات بتوانێت لە هەفتە یان مانگەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی کاریگەر هەنگاو بنێت.
 
وەزیرەکە گوتی، ئەو هەنگاوانەی پێشنیازی کردبوون "بە جیدی گفتوگۆیان لەسەر کراوە"، بەڵام لە کۆبوونەوە یەک لەدوای یەکەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا رووبەڕووی دژایەتی بوونەتەوە.
 
ڤێڵدکامپ گوتیشی، "هەست دەکەم وەک وەزیری دەرەوە لە دیاریکردنی ئەو رێڕەوەی بە پێویستی دەزانم، کۆتوبەند کراوم."
 
هۆڵەندا یەکێک بوو لەو 21 وڵاتەی کە رۆژی پێنجشەممە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان واژۆ کرد، تێیدا سەرکۆنەی رەزامەندیی ئیسرائیلیان کرد لەسەر پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێکردنی جوو لە کەرتی رۆژئاوا و بە "قبووڵنەکراو و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی"یان ناوبرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.