ئەمریکا بودجە بۆ پێشمەرگە، هەسەدە و سووریا زیاد دەکات

22-09-2025
تەنیا ئەحمەد
راهێنانی ژمارەیەک پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
راهێنانی ژمارەیەک پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، راپۆرتی داواکاریی بودجەی سندووقی راهێنان و پڕچەککردنی دژە داعش بۆ ساڵی دارایی 2026 بڵاوکردەوە، کە رێچکەیەکی نوێ لە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی کورد، عێراق و سووریا دیاری دەکات. وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو 61 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخان کردووە.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی گەورە بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات، بەو پێیەی هاوکارییە داراییە راستەوخۆکانی ئەمریکا کۆتاییان دێت، لە کاتێکدا بودجەی چەک، ئۆتۆمبێل و راهێنان فراوان دەکرێت.
 
کۆتایی هاتنی هاوکاریی دارایی لیوا هاوبەشەکان
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی کوردستان (KSF) بە پێشمەرگە ناسراون و هێزە چەکدارە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانن. "ئەوان سەر بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەن (MoPA) و بەرپرسن لە بەرگریکردن لە هەرێم، پڕکردنەوەی بەرەی باکوور و ئەرکە هاوبەشەکان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی عێراق (ISF) لە دژی داعش."
 
لە راپۆرتەکەدا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، بڕی 61 ملیۆن و 14 هەزار و 940 دۆلاری بۆ راهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە تەرخان کردووە. 
 
گۆڕانکارییە هەرە گەورەکە داراییە. پرۆگرامی هاوکاریی دارایی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە، کە بەشێکی سەرەکی بوو لە یارمەتییەکانی ئەمریکا، لە ساڵی دارایی 2026 بە تەواوی کۆتایی دێت.
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەڵێت، بەگوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2022، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2026ـەوە خۆی هاوکارییەکانی پێشمەرگە دەگرێتە ئەستۆ و خەرجی دەکات.
 
لە ساڵی 2024دا، ئەمریکا بڕی 135 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکارییە داراییەکان دابەشکرد. لە ساڵی 2025 بڕەکە بۆ 60 ملیۆن دۆلار کەمکرایەوە.
 
ئەو 61 ملیۆنەی بڕیاری لەسەر دراوە بەم شێوەیە خەرج دەکرێت:
 
- 5.3 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 17 هەزار گوللـە هاوەن و رۆکێت.
- 9 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 10 هەزار تفەنگ، دەمانچە و دۆشکە.
- 1.06 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 20 سەکۆی هەڵدانی هاوەن و رۆکێت.
- 1.02 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دووربینی نیشانەشکێن و پێداویستیی دیکە.
- 11.7 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 250 ئۆتۆمبێلی بەرز (SUV).
- 10.2 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 52 ئۆتۆمبێلی زرێپۆش.
- 1.4 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دوو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.
- 4.08 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 32 تانکەری ئاو.
- 4.63 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 11 هەزار و 295 هێلەگی زرێپۆشی خۆپاراستن.
- 5.61 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 49 هەزار و 589 جلی سەربازی و پۆستاڵ.
- 6.5 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 13 هەزار کەرەستەی خۆپاراستن.
- 360 هەزار دۆلار بۆ کڕینی 12 موەلیدە.
- 16.25 ملیۆن دۆلاریش بۆ کڕینی پێداویستییەکانی دیکەی وەکو سووتەمەنی، خواردن و لۆجیستی.
 
عێراق: بنیادنانی هێزی ئاسمانی و هێزە تایبەتەکان
 
عێراق بە گشتی 212.5 ملیۆن دۆلار لە پشتیوانییەکانی ئەمریکا وەردەگرێت، بڕەکە لە ساڵی 2025ـدا 380.7 ملیۆن دۆلار بوو. پارەکە بەم جۆرە پلانی بۆ دانراوە:
 
- وەزارەتی بەرگری: 48.4 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان دەکرێت؛ بۆ کڕینی 100 مووشەکی هێڵفایەر، کەرەستەی فڕۆکەی ئێف-16، سیستمی ئۆکسجین بۆ فڕۆکە و کەرەستەی چاودێری بۆ لیواکان.
 
- دەزگەی دژە تیرۆر (CTS): 65.6 ملیۆن دۆلار؛ وەبەرهێنان لە ناوەندێکی راهێنانی هێزە تایبەتەکان، درۆن، تەقەمەنی بۆ چوار هەزار کارمەندی نوێ، ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و سیستمی پەیوەندیی پێشکەوتوو.
 
- لۆجیستی و بەردەوامبوون: 37.4 ملیۆن دۆلار؛ گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە فڕۆکە، گواستنەوەی کەرەستە، خواردن، سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکی.
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم وەبەرهێنانانە یارمەتی هێزەکانی عێراق دەدەن بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو گوشارەی دەیکەنە سەر داعش.
 
چەک، هاوکاری و ئاسایشی زیندانەکان لە سووریا
 
لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، کە داعش هێشتا لە چەند ناوچەیەک جموجۆڵی هەیە، ئەمریکا پلانی خەرجکردنی 130 ملیۆن دۆلاری بۆ ساڵی 2026 هەیە.
 
پشتیوانییە داراییەکان بۆ هێزە ناوخۆییەکانی وەکو هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (InSF)، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگەکان (PrISF) و سوپای ئازادی سووریا (SFA).
 
دابەشکردنەکە بەمجۆرە دەبێت:
 
- 15.6 ملیۆن دۆلار بۆ چەک و راهێنان: دوو هەزار و 200 دۆشکە و تفەنگ، هاوەن، کەرەستەی خۆپارێزی، ئۆتۆمبێل و کەرەستەی پەیوەندییەکان.
 
- 32.4 ملیۆن دۆلار بۆ لۆجیستی: خواردن، پێداویستیی پزیشکی، بەرهەمهێنانی کارەبا و گواستنەوە.
 
- 65 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریی دارایی مانگانە: هاوکاریی دارایی 19 هەزار شەڕڤان و چەکدار، پاسەوانانی زیندانەکان و یەکەکانی دژی داعش.
 
- 1.5 ملیۆن دۆلار بۆ چاککردنەوەی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن: رێگریکردن لە هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان.
 
- 15.3 ملیۆن دۆلار بۆ پێداویستییەکانی دیکە: بەشەخۆراک، پارچەی یەدەگ و پێداویستیی پزیشکی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە