جیهان
کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: REUTERS/Kevin Lamarque
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆریای باکوور ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دووبارە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام بە مەرجێک واشنتن واز لە مەرجی دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی بهێنێت.
کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لە گوتارێکدا لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وڵاتەکەی، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام بە مەرجێک واشنتن کۆتایی بە داواکارییەکانی بهێنێت بۆ دەستبەرداربوونی پیۆنگیانگ لە چەکی ئەتۆمی.
بە گوتەی رێبەری کۆریای باکووری، "ئەگەر ئەمریکا واز لەو خولیا بێمانایەی دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی بهێنێت، راستییەکان قبووڵ بکات و خوازیاری پێکەوەژیانێکی راستەقینەی ئاشتییانە بێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆئەوەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا دانەنیشین."
شارەزایان ئەم لێدوانە نوێیەی سەرکردەی باڵای کۆریای باکوور، بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی پیۆنگیانگ دا لێکدەدەنەوە، کە پێشتر بە تووندی دژی هەر جۆرە دانوستاندنێک بووە کە پێویست بێت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە.
ئەم لێدوانە نوێیەی کیم لە کاتێکدایە، پێشتر هەردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و لی جەی میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور دەربڕیوە.
کیم جۆنگ ئون خۆی ئاماژەی بە پەیوەندییە کۆنەکەی لەگەڵ ترەمپ کرد و گوتی، "لەڕووی کەسییەوە، هێشتا بیرەوەریی خۆشم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ هەیە."
لە بەرامبەردا ترەمپیش لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاندبوو، چاوەڕوانی بینینی کیم دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، لی جەی میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە چاوپێکەوتنەکانی ئەم دواییەیدا لەگەڵ کەناڵی BBC و ئاژانسی رۆیتەرز، ئاماژەی بە "ئامانجێکی واقیعیتر" کردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.
لی پێشنیازی ئەوەی کردووە، کۆریای باکوور رازی بێت بە وەستاندنی پیتاندنی زیاتری چەکی ئەتۆمی، نەک پێداگرتن لەسەر دەستبەرداربوونی تەواوی چەکەکە.
ئەمەش وەک رێگەیەک بۆ گەیشتن بە "بەرژەوەندیی هاوبەش" لە راگرتنی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمیی کۆریای باکوور. لی دانی بەوەدا نا، تاوەکو ئێستا سزاکان نەبوونەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکە و گوتیشی، "راستییەکە ئەوەیە، ریگەی سزاکان و گوشارەکان ئەو قەیرانەیان چارەسەر نەکردووە؛ بەڵکو خراپتری کردووە."
کیم جۆنگ ئونیش لە درێژەی گوتارەکەیدا رایگەیاند، سزاکانی بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێندراون، تەنیا بەهێزتر و خۆڕاگرتری کردوون و جەختیشی کردەوە، "هەرگیز هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ دووژمنان ناکرێت بۆ راگرتنی دەستکەوتێک لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان."
ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بەوەی پیۆنگیانگ ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا.
هەروەها، ئەم ئاماژەدانەی کیم بۆ دانوستاندن لەگەڵ واشنتن دوای کۆبوونەوەی سەرەتایی ئەم مانگەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە پەکین دێت.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی (SIPRI) سەبارەت بە مەترسیی کێبڕکێیەکی نوێی چەک لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی خاوەن چەکی ئەتۆمیین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ