ئەحمەد شەرع: بە مەزڵووم عەبدیم گوت مافی کورد لە سووریا پارێزراوە

22-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری سووریا رایگەیاند، لە یەکەم دانیشتنیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پێیڕاگەیاندووە، مافی کورد لە سووریا پارێزراوە، ئەگەر ئێوە بۆ مافی کورد خەبات دەکەن، پێویست بە رشتنی یەک دڵۆپ خوێنیش ناکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 22-09-2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە پانێلێکدا لە لووتکەی ساڵانەی کۆنکۆردیا لە نیویۆرکی ئەمریکا باسی کێشەی چەکی لە سووریا کرد و گوتی: "دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت".
 
سەرۆککۆماری سووریا باسی لە هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ یەکخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی سوپای نوێی سووریادا و شەرع رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین گرووپی چەکداری و هەسەدە کردووە بۆ ئەوەی هێزەکانیان تێکەڵ بە سوپای سووریا بکەن و "سوود لە ئەزموونی ساڵانی رابردوویان وەربگیرێت".
 
سەبارەت بە پرسی کورد، ئەحمەد شەرع جەختی لە پاراستنی مافی کورد کردەوە و گوتی: "لە یەکەم دانیشتنماندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، باسمان لەوە کرد کە مافی کورد پارێزراوە. ئەگەر ئێوە بۆ مافی کورد خەبات دەکەن، پێویست بە رشتنی یەک دڵۆپ خوێنیش ناکات." 
 
شەرع گەرەنتی دا، لە دەستووری نوێی سووریادا مافی کورد پارێزراو دەبێت و وەک هەموو گەلی سووریا، کوردیش رووبەڕووی زوڵم و ستەمکاری بووەتەوە و نامانەوێت ئەم دیمەنە لە دەوڵەتی نوێدا دووبارە ببێتەوە.
 
رۆژی 10ی ئاداری ئەمساڵ ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی هەسەدە ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا، سەرۆککۆماری سووریا نیگەرانی خۆی لەسەر "سستی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە" و هەندێک هەوڵ بە ناوی لامەرکەزییەتەوە دەربڕی کە بە گوتەی ئەو "مەبەست لێی دابەشکردنە". 
 
سەرۆککۆماری سووریا هۆشداری دا کە مانەوەی قەوارەی هەسەدە بە هەر ناوێکەوە بێت لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، "عێراق و تورکیا رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، هەروەها دەوڵەتی سووریاش رووبەڕووی مەترسیی نێوخۆیی دەکاتەوە." بۆیە داوای چارەسەرێکی ئاشتییانەی بەپەلەی کرد.
 
ئەحمەد شەرع بە پێویستی دەزانێت ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو، جەماوەر، گەلی سووریا، ئەمریکا و تورکیاش پێشوازییان لێکردووە و ئەمە "دیاردەیەکی دەگمەنە لە 10 ساڵی رابردوودا." داوای کرد سوود لەم "ساتە مێژووییە" وەربگیرێت کە لە بەرژەوەندیی سووریا و دواتریش هەسەدە و کۆمەڵگەی کوردیدایە.
 
لە شەڕەوە بۆ گفتوگۆ
 
ئەحمەد شەرع لەگەڵ ژەنەراڵ دەیڤید پێترایۆس، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) کە مۆدێرەیتەری پانێڵەکە بوو، باسی لە قۆناخی رابردووی کارەکانی کرد و رایگەیاند، "خۆشحاڵم لە گۆڕەپانی جەنگەوە هاتینە گۆڕەپانی دیالۆگ. دۆخی رابردوو تایبەتمەندی و نەریتی ئەوکاتی خۆی هەبوو. کاتێک باس لە حوکمکردن دەکەین، پێویستە بە یاسا و دۆخی ئەوکات بکرێت، نەوەک ئێستا. هەڵەیە ئەگەر  بە یاساکانی ئێستا حوکم لەسەر رووداوێکی مێژوویی بدەیت."
 
شەرع هەر سەبارەت بە رابردووی خۆی گوتی: "رابردوو دۆخێکی تایبەت بوو، عێراق داگیرکرابوو ناوچەکە ناسەقامگیر بوو لە فەلەستینەوە بگرە تاوەکو سووریا هەڕەشەی زۆری لەسەر بوو. رووداو و هۆکارەکان هەموو بە ئاراستەیەک بوون گەنجانیش بەپێی هەلومەرجی ئەوکات بڕیاری خۆیاندابوو. رەنگە لێرە و لەوێ هەڵە روویدابێت لە ژیاننامەی هەر مرۆڤێک. بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤەکان پارێزراو بن لە هەموو مەترسییەک لە کاتی رووداوەکاندا. پابەندییەکانمان ئێمەی گەیاندە ئەمڕۆ کە لەگەڵ بەڕێزتان وەک دۆست و هاوڕێ دانیشتووین و گفتوگۆ دەکەین." 
 
زیاتر لە 250 هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێنن
 
ئەحمەد شەرع هۆکاری سەرهەڵدانەکانی سووریا بۆ تاوانەکانی رژێمی پێشوو گەڕاندەوە و گوتی: "رژێم کۆمەڵکوژی و مامەڵەی زۆر دڕندانەی لە دژی گەلەکەیدا کرد. بە چەکی کیمیایی کوشتنی، دەربەدەری کردن، بە بۆمبی بەرمیلی لەناوی دەبردن. هەزاران منداڵی کوشت، لە زیندانەکاندا هەزاران کەسی ئەشکەنجەدا. زیندانی سیدنایا بەرچاوترین نموونە بوو. جەستەی خەڵکی لەناو فرنەکاندا سووتاند و شێواندی و دواتریش لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردنییەوە. دەستدرێژی سێکسی کردە سەر هەزاران ژن. زیاتر لە 250 هەزار کەس تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن کە زۆربەیان گەنج و منداڵن."
 
هەروەها ئاماژەی تێکشاندنی سوپای سووریا کرد و گوتی: "ئێمە هێزێکی بچووکی پابەندکار بووین، لە بەرامبەردا هێزێکی چەکداری بەهێزی پەرشوبڵاو و نارێک هەبوون. رووسیا بە فڕۆکە پشتیوانی دەکرد. هەروەها هێزەکانی ئێران و میلیشیاکان وحیزبوڵڵا پشتیوانیان بوون. هێزەکەی ئێمە لەگەڵ ئەم هەموو هێزە بەراورد ناکرێت و نابەرامبەرە. بەڵام هەڵبژاردنی کات و شوێن و تەرکیز خستنە سەر ئەو خاڵانەی کە هێزی دوژمن تێیدا زۆر لاواز بوون. لە پاڵ ئەمەشدا تەکتیکی سەربازی زۆر وردمان بەکارهێنا. شەو و رۆژ بەردەوام گورزمان ئاراستە دەکردن."
 
ئەحمەد شەرع پێشتر پلانی دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان دانابوو : "هێزەکەی ئێمە تەنیا سەربازیی نەبوو، بەڵکو پشتیوانی خەڵکی سڤیلیشی لەگەڵ بوو. ئەو شوێنانەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدابوون، دامەزراوەی خزمەتگوزاریی زۆر هەبوون. هەموو ئەم دامەزراوە خزمەتگوزارییانە لە هێڵی پشتەوەی هێزە سەربازییەکانمان بوون. هەر شوێنێکمان ئازاد بکردایە، راستەوخۆ خزمەت بە ناوچەکە دەگەیێندرا. هەموو ئەم بابەتانە پێشتر لە ئیدلبەوە پلانمان بۆ داڕشتبوو. هەموو ئەمانە ئەزموون بوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە بکەین."
 
شەرع: لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا میهرەبان و لێبووردە بووین
 
سەرۆککۆماری سووریا پەسنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی کرد کە بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتی 60 ساڵەی بەعس لە سووریا و رایگەیاند، "گومان لەوەدانییە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا دوورخستنەوە و جیاکردنەوەی خەڵکی سڤیل لە هێزە سەربازییەکان کارێکی زۆر سەختە، بۆیە هەندێک هەڵە روودەدەن لە دژی خەڵکی سڤیل. ئۆپەراسیۆنە 11 رۆژەکەماندا لەگەڵ خەڵکی سڤیل زۆر میهرەبان و لێبووردە بووین."
 
ئەحمەد شەرع، هۆکاری روودانی ئەو هەڵانەی بۆ رژێمی پێشوو گەڕاندەوە و گوتی: "رژێم زۆر بە وردی کاری لەسەر نانەوەی کێشەی تایفەگەری دەکرد. رژێم بۆ ئەوەی خۆی بەهێز بکات و تەمەنی دەسەڵاتەکەشی درێژ بکات، پشتی بەم جۆرە سیاسەتە دەبەست. پاشماوەی ئەم هەموو کێشەیە تاوەکو ئێستاش ماوەتەوە، ناکرێت بە شەو و رۆژێک چارەسەر بکرێت."
 
ئەحمەد شەرع گوتیشی: "کاری لەپێشینەی دەسەڵاتەکەمان لەوەدایە سەقامگیری و ئارامی بۆ تەواوی سووریا بگەڕێنینەوە. لەپاڵ ئەمەشدا پاراستنی یەکپارچەی خاکی سووریا و بەرگریکردن لە یەکێتی ریزەکانی گەل و کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەستی دەوڵەت. لەگەڵ هەموو ئەم ئاڵنگارییەدا کار دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوە و چاکسازیی ئابووری و گەشەسەندنی. 
 
لانەبردنی گەماڕۆکان سزادانی گەلی سووریایە
 
لە ماوەی شەڕی ناوخۆدا، سووریا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیر کرابوو، ئەمریکا و ئەورووپا چەندین سزایان بەسەردا سەپاند، بەڵام لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد بەشێک لە سزاکانی سەر سووریا هەڵگیران.
 
ئەحمەد شەرع گوتی، "بەهۆی رژێمەوە پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ ئەمریکا، ئەورووپا و زۆربەی وڵاتانی جیهان لەوپەڕی خراپیدا بوو. رووخانی رژێم رێگەی خۆش کرد خەڵک ئاوڕێکی جدی لە سووریا بداتەوە. بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆر هەن، کاردەکەین بۆ کاراکردنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا."
 
سەرۆککۆماری سووریا رەتیکردەوە پەیوەندییەکان تەنیا بۆ ئەوە بن هاوکاری سووریا بکرێت، بەڵکو گوتی: "چاومان لەوەیە کۆت و بەندەکان بشکێندرێن. کۆتایی بەم هەموو ئابڵووقە و گەمارۆ چەند ساڵە سەپێندراوە بهێنین. بەشێک لە سزاکان بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە واتە لە سەردەمی حافز ئەسەد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن. هۆکاری زۆربەی سزاکان بۆ ئەوەیە کە سووریا بەخێوکەر و پشتیوانیکاری تیرۆر بووە."
 
ئەحمەد شەرع بە پێویستی دەزانێت، هەموو سزاکان هەڵبگیرێن، بە پێچەوانەوە ئەگەر بەردەوام بێت، خەڵک بیر لەوە دەکاتەوە سزاکان دژی گەل بوون نەک رژێم. سووریا پێویستی بە دەرفەتێکی نوێ هەیە هەناسە بدات و ژیانی بۆ بگەڕێتەوە. گوتیشی: "سەرۆک ترەمپ هەنگاوی زۆر بوێرانەی نا بۆ هەڵگرتنی سزاکان، بەڵام بەشێکیان پەیوەندی بە کۆنگرێس هەیە بۆ ئەوەی کۆتاییان پێ بێت." 
 
هەندێک لایەن ئاگری تایفەگەری خۆش دەکەن 
ئەحمەد شەرع نەیشاردەوە وڵاتەکەی کێشە و ئاڵۆزی زۆری ماوە و پشکی شێری بۆ پاشماوەی بەعس و هەندێک لایەن و وڵات گەڕاندەوە. رایگەیاند، ئێستاش هەندێک گرووپ و لایەن هەن، هەوڵی نوێکردنەوەی کێشەی تایفەگەری دەدەن بۆ ئەوەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سووریا وەربدەن. ئەم گرووپ و لایەنانەش بەهۆی رووخانی رژێم زیانیان بەرکەوتووە و دەیانەوێت کێشە و ناکۆکییەکانیان لەسەر حیسابی سووریا یەکلایی بکەنەوە.
 
سەرۆککۆماری سووریا لە بارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی کەناراوەکانی سووریا و پارێزگای سوەیدا کرد و گوتی: "پاشماوەکانی رژێمی پێشوو هۆکاری ئەم گیروگرفتانەن و ئاڵۆزییەکی زۆر قووڵ سەریهەڵدا و هەمووان تێیدا هەڵەیان کرد بە هەندێک هێزی سەر بە دەوڵەتیشەوە."
 
دوای هەردوو رووداوەکە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێندران، ئەحمەد شەرع گوتی: "یەکەمجار بوو لە 60 ساڵی رابردووی سووریادا ئەمە بکرێت رێگەمان دا نەتەوە یەکگرتووەکانیش تیمی خۆی بنێرێت بۆ زانینی راستییەکان و ئاشکراکردنیان. بینیمان راپۆرتی ئێمە و نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر لە یەکدی نزیک بوون. هەموو جیهان درکی بەوە کرد ئیدی سووریایەک هەیە دەوڵەتی یاسایە و هەر یەکێک پێچەوانەی یاسا کار بکات سزا دەدرێت و ماف بە هەموو کەس دەدات و بۆی دەگەڕێنێتەوە." گوتیشی: "ئەو پێشێلکارییانەی لە سوەیدا و ناوچە کەناراوەکان روویاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و لیژنەکەمان پابەندە بە سزادانی هەموو ئەو کەسانەی پێشێلکارییان کردووە. 
 
"دەمانویست سوود لە ئەزموونی هەسەدە وەربگرین"
 
ئەحمەد شەرع باسی لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت کرد رایگەیاند، کە دەسەڵاتی دیمەشقیان گرتە دەست و یاسایەیمان دارشت. ئەویش کۆکردنەوەی چەک و کۆنترۆڵکردنییەتی لەژێر دەستی دەوڵەت.
 
شەرع گوتی: "یەکەم هەنگاومان ئەوە بوو کە کۆنترۆڵی چەک بکەین لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا. توانیمان لە رێگەی گفتوگۆ، دانوستاندن و دیالۆگی راستەوخۆی بەردەوامدا قەناعەتیان پێ بکەین بە دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتوو و لەگەڵ سوپای نوێی سووریا تێکەڵ بن." 
 
سەرۆککۆماری سووریا گوتیشی: "هەمان بۆچوونمان بە هەسەدە گەیاند بەوەی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سووریا تێکەڵ بکرێن و سوود لە ئەزموونە چەند ساڵانەکانیان وەربگرین و ببنە پاڵپشتی و پشتیوانیکارێکی بەهێزی سوپای سووریا. لەو ناوچەیەشدا زۆرینەی عەرەب هەن ئەگەر هەڵە نەبم. پێموایە نزیکەی 70-75٪ی عەرەبن و 25٪یشیان کوردن."
 
هەڵبژاردنی سووریا
 
سەبارەت بە قۆناخی راگوزەر و بنیاتنانی دەوڵەت، ئەحمەد شەرع گوتی: "لە سووریا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی گەورە بۆ ئەوەی خەڵک نوێنەرانی خۆیان لە سەرجەم پارێزگاکان هەڵبژێرن و ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی گەل. خەڵک مافی خۆیەتی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی دەنگیان بگەیێنێت و لە ئەنجوومەنی گەل نوێنەرایەتییان بکات."
 
هەر سەبارەت بە قۆناخی راگوزەری سووریا، شەرع گوتی: "قۆناخی راگوزەری پێنج ساڵ هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە چونکە لە رژێمێکەوە بۆ سیستمێکی نوی هەنگاو دەنێت و سەرکەوتنێکی گەورەی شۆڕشی سووریایە بەسەر رژێم و چەند هێزێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و نێوخۆییدا. ئەم قۆناخە راگوزەرە پێویستی بە ئامرازێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی سووریا ئارام و سەقامگیر بێت. ئیدی پێمان باش بوو چوار پێنج ساڵ لە قۆناخی راگوزەر بین و لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوی زۆر باشمان نا. کۆتاییمان بە بۆشایی دەسەڵات هێنا."
 
شەرع باسی پێکهێنانی حکومەتی کرد و گوتی: "حکومەتێکمان پێکهێنا لایەنی فراوانی لەخۆ گرت و رێگەمان نەدا پشک پشکێنە هەبێت و پلە و پۆستەکانی دەوڵەتمان وەک دیاری و خەڵات نەبەخشی و لەسەر بنەمای بەشداریپێکردن کارەکانمان کرد. لە حکومەتەکەی ئێستادا کورد، عەلەوی، درووز و کریستیان هەن. دوای ئەمە دەچینە قۆناخی پێکهێنانی دەوڵەت و کابینەی حکومەت لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن."
 
"خەڵک رقی لە ئێران، حیزبوڵڵا و رووسیایە"
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتان، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەم دۆخەدا و رایگەیاند، "پێش شۆڕش، حیسابمان بۆ قۆناخی دوای رووخانی رژێم کردبوو. بڕیارمان دا پەیوەندییەکی ئارام لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ و جیهان دروست بکەین. گەلی سووریا زۆر هەستیارە و نیگەرانە بەرامبەر ئێران و حیزبوڵڵا و رووسیا، بەڵام سەرباری ئەمەش پێویستە هزری دەوڵەت بە ژیریی مامەڵە لەگەڵ ئەمەشدا بکات و نابێ لەژێر کاریگەری پەرچەکردارەکان بێت."
 
ئەحمەد شەرع لە بارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا گوتی: "رووسیا وڵاتێکی زۆر بەهێزی جیهانە و قوڵایی مامەڵەکردنی لە دۆسیەی سووریا هەیە کە تەمەنی بۆ 75 ساڵ دەگەڕێتەوە. دەوڵەت کار بۆ ئەوە دەکات سووریا نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ شوێنێک. پێویستە پەیوەندییەکانمان بۆ بەرژەوەندیی باڵای سووریا و پاراستنی سەروەری و بڕیاری سەربەخۆی سووریا بێت لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندیی هاوبەش دروست دەکەین."
 
ئیسرائیل 1400 هێرشی کردووەتە سووریا
 
ئەحمەد شەرع لە بەشێکی گفتۆگۆکەیدا لەگەڵ دەیڤید پترایۆس باسی دروستکردنی  پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی: "سووریا زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی چوونەتە رێککەوتنی ئیبراهیمی. ئیسرائیل تاوەکو ئێستاش جۆلانی داگیرکردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی بەم دۆخە ناوە. ئەو وڵاتانەی چوونەتە نێو رێککەوتنی ئیبراهیمی، ئیسرائیل خاکەکانی زەوت نەکردوون و دراوسێی ئیسرائیلیش نین."
 
هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا کرد و گوتی: "لەوەتەی دەسەڵاتمان لە دیمەشق بەدەستهێناوە، ئیسرائیل دەستدرێژی زۆری کردە سەر وڵاتەکەمان. تاوەکو ئێستا نزیکەی 1000 هێرشی ئاسمانی و نزیکەی 400 جار هێرشی زەوینی کردووە و سنوورەکانی بەزاندووە و خەڵکی رفاندووە و کوشتوونی. دووجار کۆشکی کۆماری بۆردوومان کردووە کە ئەمەش بەپێی یاسا نێودەڵەتییەکان راگەیاندنی جەنگە. سەرباری ئەمەش خۆمان لە گرژییەکان دوورخستووە و هەوڵمانداوە دۆخەکە هێور بکەینەوە."
 
ئەحمەد شەرع باسی مەرجەکانی سووریای کرد بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و گوتی: "بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان پێویستە ئیسرائیل بگەرێتەوە دۆخی رێککەوتنی ساڵی 1974 و ئەو پێشڕەوییەی کردوونی ئێستا دەبێ بکشێتەوە. ئەگەر نیگەرانی ئەمنیشی هەیە، دەکرێ لە رێگەی ناوەندگیرەکانەوە بخاتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی، ئەگەر رێککەوتن لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە کرا و ئیسرائیلیش پابەندبوو، رەنگە دواتر پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی دیکە پەرەبسەنێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.