نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینا لە ساڵی 2022ـەوە 8 ملیۆن کەمیکردووە

22-10-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو کاتەوەی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 دەستیپێکردووە، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە 8 ملیۆن کەس کەمیکردووە و هۆکارەکەشی بۆ کۆچکردنی خەڵکی و کەمی رێژەی لەدایکبوون دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 فلۆرێنس بۆوەر، بەڕێوەبەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری دانیشتووان لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا و نێوەڕاستی ئاسیا لە جنێڤی سویسرا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هەرچەندە تاوەکو ئێستا سەرژمێرییان بۆ دانیشتووانی ئۆکراینا نەکردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دانیشتووانی ئۆکراینا "زۆر" کەمیکردووە.
 
فلۆرێنس بووەر دەڵێت، "بەگشتی ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینا لە ساڵی 2014وە 10 ملیۆن کەس کەمیکردووە. لەو کاتەوەی جەنگی ئۆکرایناش لە ساڵی 2022 دەستیپێکردووە، دانیشتووانی هەشت ملیۆن کەس کەمیکردووە."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینا 45 ملیۆن کەس بوو، بەڵام تاوەکو ساڵی 2022 دانیشتووانی دوو ملیۆن کەمیکردبوو.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، "دوای ئەوەی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 دەستیپێکرد، ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینا 8 ملیۆن کەسی دیکە کەمیکرد. نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتووانی ئێستای ئۆکراینا بە 35 ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت."
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینای بۆ کەمی رێژەی منداڵبوون و زۆری ژمارەی کۆچکردنی هاووڵاتییان گەڕاندەوە.
 
لە ساڵی 2022ـەوە 6.7 ملیۆن کەس لە ئۆکرایناوە بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا کۆچیان کردووە و رێژەی لەدایکبوونیش بۆ نزیکەی یەک منداڵ بۆ هەر ژنێک کەمیکردووە، لەکاتێکدا پێش ئەو ساڵە رێژەی لەدایکبوون 1.3 منداڵ بووە بۆ هەر ژنێک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە