رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شا چارلس لەنێو پەرلەمانی ئوسترالیادا گوتارێکی پێشکێش کرد، ژنە پەرلەمانتارێکی ئوسترالی رووبەڕووی بووەوە و پێی گوت، "پاشای من نیت."
رۆژی دووشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2024 لیدیا سۆپ، ئەندامی پەرلەمانی ئوسترالیا لەنێو هۆڵی پەرلەمان رووبەڕووی شا چارلسی سێیەم، پاشای بەریتانیا بووەوە.
لیدیا کە بە رەچەڵەک هاووڵاتییەکی رەسەنی ئوسترالییە، پێش ئەوەی لەلایەن پاسەوانەکانی پەرلەمانەوە دووربخرێتەوە، بەسەر شا چارلسی سێیەم دا هاواری کرد و بەریتانیای بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا تۆمەتبار کرد و پێی گوت، "ئێرە خاکی تۆ نییە؛ تۆ پاشای من نیت."
دوای رووداوەکە، ئۆنتی ڤایۆلێت شێریدان، سەرۆکی کۆمەڵەی گەلی رەسەنی ئوسترالیا گوتەکانی لیدیای بە "بێ رێزی" ناوبرد و گوتی، "قسەکانی لیدیا گوزارشت لە من و گەلەکەم ناکەن. دڵنیام لەوەی قسەکانی ئەو گوزارشت لە زۆربەی خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا ناکەن."
لەبارەی رووداوەکەوە لیدیا بە میدیای بەریتانیای راگەیاند، ویستوویەتی "پەیامێکی روون" بە شا چارلس بدات.
لە رۆژی شەممەوە شا چارلسی سێیەم بە سەردانێک لە ئوسترالیایە.
ئەوانەی پێیان دەگوترێت "خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا" مێژووەکەیان بۆ 65 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەوان کولتوور، زمان و نەریتی تایبەت بە خۆیان هەیە.
خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا هەمیشە رەخنەی ئەوەیان لە حکومەتەکانی ئوسترالیا و بەریتانیا هەبووە کە مافەکانیان پێشێلکردوون و وەکو هاووڵاتیی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
شا چارلس جگە لەوەی پاشای بەریتانیایە، پاشایەتیی "کۆمۆنوێڵس" دەکات کە 15 وڵات و قەوارە لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا ئوسترالیا و کەنەدا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ