OpenAI رکابەریی گووگڵ دەکات و وێبگەڕی ئەتڵەسی بە ژیریی دەستکرد راگەیاند

22-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای OpenAI، دروستکەری ChatGPT رۆژی سێشەممە وێبگەڕێکی (browser)ی گەڕانی بەناوی ئەتڵەس (Atlas) راگەیاند، کە بە پشتیوانیی ژیریی دەستکرد رکابەرییەکی راستەوخۆی گووگڵ کرۆم دەکات.
 
سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رایگەیاند، "ئەمە وێبگەڕێکی ئینتەرنێتە، کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکات و لەسەر بنەمای ChatGPT دروستکراوە."
 
OpenAI بەم هەنگاوە رکابەرییەکانی لەگەڵ گووگڵدا چڕتر کردووەتەوە، کە ئەویش لە وەڵامدا بە خێرایی توانای زیاتری ژیریی دەستکردی خستووەتە نێو گەڕان و پلاتفۆرمەکانیەوە.
 
ئاڵتمان و تیمەکەی تایبەتمەندییەکی نوێیان بەناوی "دۆخی بریکار" (agent mode) نمایش کرد، کە تێیدا چاتبۆتێکی تێدایە و لەبری بەکارهێنەر گەڕان دەکات.
 
ئاڵتمان گوتی، لە دۆخی بریکاردا، ChatGPT بە شێوەیەکی سەربەخۆ وێبگەڕەکە بەکاردەهێنێت و ئەنجامەکان دەگەڕێنێتەوە. ئەو گوتی، "هەموو شتەکانی تۆی لایە و کلیک دەکات.. دەتوانیت سەیری بکەیت یان نا، ناچار نیت، بەڵام ئەو ئینتەرنێتت بۆ بەکاردەهێنێت."
 
بە گوتەی ئاڵتمان، وێبگەڕی ئەتڵەس رۆژی سێشەممە بۆ ئەو کۆمپیوتەرانە بەردەست دەبێت کە بە سیستمی کارپێکردنی ئەپڵ کاردەکەن، بەڵام "دۆخی بریکار" تەنیا بۆ بەکارهێنەرانی وەشانی پڵەس یان پڕۆی  چات جی پی تی بەردەست دەبێت.
 
ئاڵتمان، بەبێ دیاریکردنی کات، گوتی، "دەمانەوێت ئەمە بە زووترین کات بهێنینە سەر ویندۆز و ئامێرە مۆبایلەکان. ئەمە هێشتا رۆژانی سەرەتای ئەم پڕۆژەیەیە."
 
ئەو تایبەتمەندییانەی ئەتڵەس کە نمایشکران، هاوشێوەی ئەو تایبەتمەندییانە بوون، کە پێشتر لە وێبگەڕەکانی گووگڵ کرۆم و مایکرۆسۆفت ئێجدا خراونەتەڕوو.
 
دوای دەرکەوتنی سەرکەوتووانەی یەکەم وەشانی ChatGPT لە کۆتایی ساڵی 2022دا، رکابەرەکانی بواری تەکنەلۆژیا وەک ئەمازۆن، گوگڵ، مێتا، مایکرۆسۆفت و xAIی ئیلۆن مەسک، ملیارەها دۆلاریان لە ژیریی دەستکرددا وەبەرهێناوە.
 
دەرکەوتنی ئەتڵەس دوای ئەوە دێت کە گووگڵ لە دۆسیەیەکی گەورەی دژە قۆرخکاریدا لە ئەمریکا، لە هەڵوەشاندنەوەی وێبگەڕی کرۆم رزگاری بوو، بەڵام دادوەر چەند رێکارێکی سەپاند کە کاریگەرییەکانیان هێشتا نادیارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە