سارکۆزی لە زینداندا دوو پاسەوانی تایبەتی لەگەڵدایە

22-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا پشتڕاستی کردەوە، دوو ئەفسەری ئەمنی پارێزگاری لە نیکۆلاس سارکۆزی، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا دەکەن، کە بە تاوانی وەرگرتنی پارە لە لیبیا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن سزادراوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 22-10-2025 لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، سەرۆکی پێشووی وڵات بە شێوەیەکی ئاسایی بەهۆی ئەو پێگەیەی هەیەتی و ئەو هەڕەشانەی لەسەریەتی، پاسەوانی بۆ دادەنرێت.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، دوو ئەفسەرە ئەمنییەکە لە ژوورێکی دراوسێی ژوورەکەی سارکۆزی لە زیندانی لا سانتێ لە پاریس جێگیرکراون، کە رۆژی سێشەممە سارکۆزی تێیدا زیندانی کرا.
 
سەرکردە راستڕۆکە کە لە ساڵی 2007 تاوەکو 2012 سەرۆکی فەرەنسا بوو، مانگی رابردوو بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پارە لە موعەمەر قەزافی، سەرۆکی ئەوکاتی لیبیاوە تاوانبارکرا و سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
 
تیمی یاسایی سارکۆزی داوای ئازادکردنیان کردووە تاوەکو دانیشتنی دادگە بۆ  تانەلێدانەکەی، بەڵام دەڵێن، پێشبینی دەکرێت "سێ هەفتە بۆ مانگێک" لە زینداندا بمێنێتەوە.
 
"سووکایەتییە بە پیشەکەمان"
 
رۆژی چوارشەممە، نوێنەرێکی پاسەوانانی زیندان ئامادەبوونی پاسەوانە تایبەتەکانی بە سووکایەتی بۆ پیشەکەیان وەسفکرد.
 
ویلفرێد فۆنک، سەرۆکی سەندیکای UFAP UNSA Justice، بە رادیۆی RTLـی گوت: "ئەوان پێمان دەڵێن ئێمە نازانین چۆن کارەکانمان بکەین. ئەمڕۆ دوو هاووڵاتیی سڤیل لەنێو زیندانێکدان کە نابێت لێرە بن." فۆنک گوتیشی: "لە ماوەی 25 ساڵی کارکردنمدا شتی وام نەبینیوە."
 
کارمەندانی زیندان بە فرانس پرێسیان گوتووە، پێشبینی دەکرێت سارکۆزی لە ژوورێکی 9 مەتر چوارگۆشەدا لە باڵی زیندانی تاکەکەسیی زیندانەکەدا بهێڵدرێتەوە بۆ ئەوەی بەرکەوتنی لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا نەبێت.
 
لە زیندانی تاکەکەسییدا، رێگە بە زیندانییەکان دەدرێت رۆژانە یەک جار بە تەنیا لە گۆڕەپانێکی بچووکدا پیاسە بکەن. سارکۆزی هەروەها رێگەی پێدەدرێت هەفتەی سێ جار سەردانکەری هەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە