جیهان
ئەو بەلەمەی هێرشی کراوەتە سەر. وێنەکە لە ڤیدیۆیەک وەرگیراوە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکی نوێی ئەمریکادا بۆ سەر بەلەمێکی گومانلێکراوی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان، دوو کەس کوژراون. ئەمە یەکەم هێرشی لەو شێوەیەیە کە لە زەریای هێمندا دەکرێت.
هێگسێس رۆژی چوارشەممە 22-10-2025، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بەلەمەکە گڕی گرتبوو.
ئەمە هەشتەم هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر ئەو بەلەم و ژێردەریاییانەی "مادەی هۆشبەر" دەگوازنەوە و تاوەکو ئێستا 34 کەس بەهۆیانەوە کوژراون.
هێگسێس لە پۆستەکەیدا سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی سێشەممە نووسی: "دوو تیرۆریستی مادە هۆشبەرەکان لە کاتی هێرشەکەدا لەسەر بەلەمەکە بوون، کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کرا. هەردوو تیرۆریستەکە کوژران و هیچ زیانێک بەر هێزەکانی ئەمریکا نەکەوت."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەروەها نووسیویەتی: "هەروەک چۆن قاعیدە جەنگی دژی نیشتمانەکەمان هەڵگیرساند، ئەم کارتێلانەش جەنگ دژی سنوور و خەڵکەکەمان هەڵدەگیرسێنن. هیچ پەناگە و لێخۆشبوونێک نابێت، تەنیا دادپەروەری."
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ کۆنگرێس رایگەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ کارتێلەکانی [باندەکان]ـی مادە هۆشبەرەکاندا لە "ململانێی چەکداری"دایە.
لە ئاگادارکردنەوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە: "سەرۆک بڕیاری دا، کە ئەم کارتێلانە گرووپی چەکدارن و سەر بە دەوڵەت نین، وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناساندنی و بڕیاری دا کردەوەکانیان دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هێرشی چەکدارین." هەروەها گومانلێکراوانی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکانی بە "شەڕکەری نایاسایی" وەسفکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ