"جەلاد"ـەکەی سیدنایا دەستگیرکرا

22-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، بەرپرسێکی پێشووی سەربازییان دەستگیرکردووە، تۆمەتبارە بە لەسێدارەدانی زیندانییان لە زیندانی بەناوبانگی سیدنایا لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە.
 
رۆژی چوارشەممە 22-10-2025 وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لقی دژەتیرۆری پارێزگەی دیمەشق، لیوا ئەکرەم سەللوم عەبدوڵڵای دەستگیرکردووە.
 
راگەیێنراوەکە دەڵێت، عەبدوڵڵا "چەندین پۆستی هەبووە، دیارترینیان فەرماندەی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015دا بووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا."
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، عەبدوڵڵا "لە پێشێلکاریی جیدی دژی دەستبەسەرکراوان لە زیندانی سیدنایا تێوەگلاوە و راستەوخۆ بەرپرس بووە لە جێبەجێکردنی لە سێدارەدانی زیندانییان لەنێو زیندانی سەربازیی سیدنایادا."
 
زیندانەکە، دەکەوێتە دەرەوەی دیمەشق، یەکێک بوو لە تاریکترین توخمەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، کە دوای زیاتر لە پێنج دەیە لە کانوونی دووەمی رابردوودا بە هێرشێکی ئیسلامییەکان کۆتایی هات. رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) زیندانەکەی بە "قەسابخانەی مرۆڤ" وەسفکردووە.
 
کۆمەڵەی دەستبەسەرکراوان و بێسەروشوێنکراوانی زیندانی سیدنایا مەزەندەی دەکات کە لە ساڵی 2011 بەدواوە، 30 هەزار کەس لەو زیندانەدا دەستبەسەرکراون، لە کاتێکدا تەنیا نزیکەی 6 هەزار کەسیان ئازادکراون. ئەوانی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.
 
دیاب سریە، هاودامەزرێنەری کۆمەڵەکە رایگەیاند، عەبدوڵڵا "بەرزترین پلەی کەسایەتییە" کە تاوەکو ئێستا لەسەر دۆسیەی سیدنایا دەستگیرکرابێت.
 
سریە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، ئەو ماوەیەی لەژێر سەرکردایەتیی عەبدوڵڵادا بووە، زۆرترین لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدانی زیندانییانی تێدا روویداوە. ئەو گوتی: "ئەو بەرپرسە لەو تاوانانە."
 
بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، زیاتر لە 200,000 کەس لە زیندانەکانی سووریادا گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا بەهۆی لەسێدارەدان و لەژێر ئەشکەنجەدا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە

بەڵگەنامە نوێیەکانی ئێپستین بڵاوکرانەوە؛ بیل کلینتۆن و شازادە ئەندرۆ لەنێو لیستەکەدان

وەزارەتی دادی ئەمریکا لەژێر گوشاری کۆنگرێس و میدیاکاندا، دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی جێفری ئێپستین کرد. لە نێو بەڵگەنامەکاندا ناوی دەیان کەسایەتیی دیار هاتووە، لەوانە بیل کلینتۆن، شازادە ئەندرۆ و مایکڵ جاکسن.