دوای ئەنجامدانی 160 تاوان و وەرگرتنی 23 هەزار یۆرۆ، خێزانێکی سووری ئەڵمانیا بەجێدەهێڵن

22-10-2025
کەهی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی ویلایەتی بادن-ڤویرتمبێرگ لە ئەڵمانیا رایگەیاند، توانیویانە لە 18ی تشرینی یەکەمدا کۆتایی بە نیشتەجێبوونی 17 کەس لە خێزانێکی سووری بهێنن، دوای ئەوەی زۆربەی ئەندامانی خێزانەکە زیاتر لە 160 تاوانیان لە شاری شتوتگارت ئەنجامداوە. بە گوتەی بەرپرسانی هەمان وەزارەت، سێ کەسی دیکە هێشتا لە زیندانن. ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە نزیکەی 23 هەزار یۆرۆ وەک هاوکاری بۆ ئەو خێزانە خەرج کراوە.
 
ماریۆن گێنتگێس، وەزیری دادی ویلایەتی بادن-ڤویرتمبێرگی باشووری ئەڵمانیا، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2025 رایگەیاند، توانیویانە 17 ئەندامی خێزانێکی سووری لە شاری شتوتگارت بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو بەرەو وڵاتەکەیان بگوازنەوە. وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشدا، کە زۆربەی ئەندامانی ئەو خێزانە زیاتر لە 160 تاوانیان ئەنجامداوە، بۆیە ئەوان بەپێی بەرنامەی "دەرکردنی بیانییە مەترسیدارەکان" لە ئەڵمانیا دەرکراون.
 
بە گوتەی وەزارەتەکە، ئەو خێزانە لە باکووری شاری شتوتگارت نیشتەجێ بوون و ئەندامەکانی تاوانەکانی وەک دزی، تووندوتیژی و هەوڵی کوشتنیان ئەنجامداوە.
 
وەزارەتی هەرێمی: خێزانەکە لە چوارچێوەی بەرنامەی "بیانییە مەترسیدارەکان" ئەڵمانیایان جێهێشت
 
بە گوتەی ئەو وەزیرە، ئەو خێزانە لە 20 ئەندام پێکدێت، بەڵام تا ئێستا 17یان بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا. سێ کەسەکەی دیکە سزای چەند ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە و هێشتا لە زیندانەکانی ئەڵمانیادان. سیانزە لەوان لە 18ی تشرینی یەکەم و 4 کەسی دیکەش لە مانگەکانی حوزەیران و ئاب ئەڵمانیایان جێهێشتووە.
 
بەرپرسانی هەمان وەزارەت دووپاتیشیان کردەوە، کە ئەم سووریانە دەرنەکراون و رایانگەیاند، کە ئەم خێزانە سوورییە لە چوارچێوەی "دەرچوونێکی کۆنتڕۆڵکراو" لە ئەڵمانیا دەرچوون. بەپێی وەزارەتەکە، ئەمە جۆرێکە لە دەرچوونی خۆبەخشانە، کە "بەشی تایبەت بۆ بیانییە مەترسیدارەکان"ی وەزارەتی داد و کۆچبەران پشتیوانی لێدەکات.
 
گێنتگێس گوتی، "دەرچوونی کۆنتڕۆڵکراو تاکە رێگە بوو بۆ کۆتاییهێنان بە نیشتەجێبوونی ئەندامانی خێزانەکە. وەزیری ناوخۆی فیدراڵی بۆ ئەوە کاردەکات، کە دەرکردن بۆ سووریا هەبێت."
 
وەزارەتی هەرێمی ئەوەشی خستەڕوو، کە حکومەت نزیکەی 23 هەزار یۆرۆی وەک هاوکاری بەم خێزانە داوە، واتە بە تێکڕا 1.350 یۆرۆ بۆ هەر کەسێک خەرج کراوە.
 
سێ ئەندام هێشتا لە زیندانەکانی ئەڵمانیادان
 
سێ لەوان هێشتا لە زینداندان. بەپێی وەزارەتی دادی ویلایەتی بادن-ڤویرتمبێرگ، ئەوان بە دڵنیاییەوە بۆ سووریا دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەشێکی "گرنگ"ی سزاکەیان لە ئەڵمانیا بەسەر بردووە. لەو سێ تاوانبارە، کوڕێکی 18 ساڵان، کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا 34 تاوانی ئەنجامدابوو، لە حوزەیرانی 2025 لەگەڵ براکانی 23 و 27 ساڵان بەهۆی ئەنجامدانی هێرشێکی چەقۆوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
 
خێزانەکە لە نێوان ساڵانی 2015 و 2020 وەک پەنابەر چوونەتە ئەڵمانیا و لە باکووری شاری شتوتگارت نیشتەجێ بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.