رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دەستدرێژیی سێکسی کرایە سەر کچێکی تەمەن 10 ساڵانی ئیرلەندی، تووندڕۆکانی ئەو وڵاتە لە شاری دبلنی پایتەخت هێرشیان کردە سەر هۆتێلێکی پڕ لە پەناخواز و رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە، لە ئەنجامدا 6 تۆمەتبار دەستگیر کران.
شەوی سێشەممە لە شاری دبلنی ئیرلەندا، پۆلیسی ئەو وڵاتە رووبەڕووی سەتان خۆپێشاندەر بوونەوە، دوای ئەوەی خۆپێشاندەران هەوڵی هێرشکردنە سەر هۆتێلێکیان دا کە پەناخوازی تێدا دەژیا، ئەمەش رۆژێک لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی 10 ساڵان لەلایەن پەناخوازێکەوە.
بەگوێرەی میدیای ئیرلەندی، خۆپێشاندەران لەکاتی هێرشکردنە سەر هۆتێلەکە، رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە و بە بەرد و مۆتۆلۆڤ هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس و سووتاندویانن.
هەروەها میدیای ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کردووە، خۆپێشاندەران کە ژمارەیان نزیکەی 5000 کەس بوون، هەندێکیان ئاڵای ئیرلەندایان بەرز کردووەتەوە و هۆتافی دژە کۆچبەرانیان گوتووەتەوە.
دواتر پۆلیسی ئیرلەندی رایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەفسەرەکانیان رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە، دوای ئەوەی خۆپێشاندەران بەرد و مۆلۆتۆڤ بەرەوڕوویان هاویشتووە و لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەشدا، 6 تۆمەتبار دەستگیر کراون.
جەستن کێلی، بەرپرسی پۆلیسی شاری دبلن، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بێگومان ئەمە خۆپێشاندانێکی ئاشتییانە نەبوو. کردەوەکانی ئەم ئێوارەیە تەنیا دەتوانین بە کردەوەیەکی چەتەیی وەسف بکرێت. تاکە مەبەستی ئەم خۆپێشاندانە، رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس بووە."
ئەو رووداوی شەڕ و پێکدادانە، رۆژێک لەدوای ئەوە دێت کە کەسێک بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی تۆمەتبار کرا. میدیاکانی ئیرلەندا بڵاویانکردەوە، تۆمەتبارەکە پەناخوازێکی تەمەن 26 ساڵ بووە و قوربانییەکەش کچێکی تەمەن 10 ساڵان بووە.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، رۆژی دووشەممە گردبوونەوەیەکی بچووک بەڕێوەچوو، بەڵام شەوی سێشەممە خەڵکێکی زۆرتر ئامادەی گردبوونەوەکە بوون، زۆربەشیان بە بەرد و مۆلۆتۆڤەوە بەشداری خۆپێشاندانەکەیان کرد.
لە ئەنجامی ئەو شەڕ و ئاژاوەیە، ئەفسەرێکی پۆلیسیش بریندار بوو.
جیم ئۆکالاهان، وەزیری داد و کۆچبەرانی ئیرلەندا، سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە پۆلیس کرد و رایگەیاند، "ئەمە قبووڵ ناکرێت و وەڵامێکی بەهێزی پۆلیسی لێدەکەوێتەوە. ئەوانەی دەستیان لەو توندوتیژییەدا هەبووە، دەدرێنە دادگە. هێرشکردنە سەر پۆلیس هەرگیز قبووڵ ناکرێت. ناڕەزایی ئاشتیخوازانە بەردی بناخەی دیموکراسیەکەمانە، بەڵام توندوتیژیی نا."
لای خۆشییەوە، مایکل مارتن، سەرۆکوەزیرانی ئیرلەندا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئاژاوەگێڕیی و تووندوتیژی دژی پۆلیس دەکەم."
لە ئیرلەندا، خۆپێشاندان لە دژی پەنابەران لە چەند ساڵی رابردوودا، پەرەی سەندووە و ئیرلەندییەکان، پەناخوازان تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی قەیرانی خانووبەرە و ئەنجامدانی تاوان.
راستڕۆکانیش ئەو تووڕەبوونەی کۆمەڵگەی ئیرلەندایان بەرامبەر بە پەناخوازان قۆستووەتەوە و لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گردبوونەوە و هەڵمەتی دژی پەناخوازان لەژێر دروشمی "ئیرلەندا پڕە"، رێکدەخەن.
ئەمە یەکەمجار نییە شەڕ و ئاژاوە لەسەر پرسی کۆچبەران لە ئیرلەندا دروست دەبێت و لە مانگی تشرینی دووەمی 2023، شەپۆلێکی شەڕ و پێکدادان لەنێوان تووندڕۆکان و پۆلیس دروست بوو، ئەمەش دوای ئەوەی پیاوێک لە دەرەوەی قوتابخانەیەک سێ منداڵی بە چەقۆ کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ