رووداو دیجیتاڵ
مینی پاسی بێ شوفێر لە شەقامەکانی پەکین دەسووڕێنەوە. ئەم بەرهەمە نوێیەی چین کە ئەم ساڵ قۆناخی تاقیکاری بەسەرکەوتوویی بڕیوە، ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ داهاتووی گواستنەوە. ئەم مینی پاسە شوێنی 11 سەرنشینی تێدایە و خاوەنی "مێشکێکی تایبەتە" و توانای بڕیاردانی سەربەخۆی هەیە.
جۆ وانگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای (WeRide) لەبارەی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە بە رووداوی گوت: "پێی دەڵێین ئۆتۆمبێلی زیرەک، چونکە لە دەرەوە هەستەوەرەکانی زۆرن، واتە هەستەوەرەکانمان لە هەر چوار گۆشەکەدا دانراون. لەڕێگەی ئەم هەستەوەرانەوە دەتوانین هەموو گۆشەی دەوروبەرمان ببینین. پاشان ئەم ئۆتۆمبێلە مێشکی خۆی هەیە بۆ بڕیاردان، کە چۆن بچێتە سەر کام رێگەیە، چۆن بچێت کاتێک رووبەڕووی ترافیک لایت دەبێتەوە، هەروەها چۆن بچێت کاتێک ئۆتۆمبێلی وەستانی نایاسایی هەبێت یان کە خەڵک لە رێگاکە دەپەڕێنەوە."
وانگ زیاتر روونیکردەوە: "دوای ئەوە مێشکی ئەم ئۆتۆمبێلە دەزانێت چۆن بڕوات، دەتوانین وا بکەین ئۆتۆمبێلەکە بسووڕێتەوە، بەلای چەپدا یان راستدا بگەڕێتەوە، یان هۆرن لێبدات، یان خێراتر بڕوات، ئەم ئۆتۆمبێلە سەربەخۆیە لە بڕیاردان."
سەلامەتی و داهاتووی گواستنەوە
تاکسییە بێ شۆفێرەکان لە چین بەخێرایی 30 تاوەکو 45 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا کاردەکەن و بەپێی توێژینەوەکان، 10٪ سەلامەتترن لەو ئۆتۆمبێلانەی مرۆڤ لێی دەخوڕێت.
پێنگ یاو، بەڕێوەبەری ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی ئۆفیسی کاری ناوچەی نمایشی شۆفێری سەربەخۆی ئاستی باڵای پەکین، ئاماژە بە سەلامەتیی ئەم سیستمە دەکات و دەڵێت: "ئەم سیستمە زۆر سەلامەتە، چونکە دوو کۆمەڵە سیستمی لە ناوەوەیدا هەیە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی. لە هەمان کاتدا دانیشتووانی دەوروبەرمان وردە وردە ئاشنای ئەم ئۆتۆمبێلە ئۆتۆنۆمە بوون و دوای 4-5 ساڵ لە تاقیکردنەوە و خۆپێشاندانە بەردەوامەکانمان تێکەڵیان کردووە بە ژیانی خۆیانەوە."
یاو هەروەها دەڵێت، "دانیشتووانمان دەتوانن لەڕێگەی ئەپەکەمانەوە دەستیان بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بگات بۆ ئەوەی ئەزموونی ئۆتۆمبێلی سەربەخۆ بکەن. ئۆتۆمبێلەکە خۆی تەکنەلۆژیای نێوخۆیە، کە سەرجەم هاردوێر و سۆفتوێرەکانیش و سیستمەکانی لێخوڕینی سەربەخۆ هەموویان لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە پەرەپێدراوون."
کاریگەری لەسەر بازاڕی کار و داهاتوو
نرخی تاکسییە بێ شۆفێرەکان 20٪ هەرزانترن لە تاکسی ئاسایی. بەپێی راپۆرتێکی ماکێنزی، خواست لەسەر ئۆتۆمبێل و تاکسیی بێ شوفێر لە ساڵی 2040 دەگاتە 85٪ لە سەنتەری شارە گەورەکانی جیهان.
ژانگ لو، شۆفێرێکی تەکسی لە پەکین، نیگەرانی خۆی لەبارەی کاریگەری لەسەر شۆفێرەکان دەربڕی: "بێگومان ئەوانەی بە شۆفێری بژێویی ژیانیان دابین دەکەن و پسپۆڕن لەم بوارەدا کاریگەری زۆری لەسەر دەبێت، داهاتیشیان کەم دەبێتەوە." هاوکات دەڵێت: "گۆڕانکارییەکانی سەردەم و داهێنانی تەکنەلۆژی ژیانی خەڵکی باشتر کردووە. بۆ شۆفێرانی فول تایم دەتوانن بیر لە کارەکانی تر بکەنەوە لەبری ئەوەی تەنها بە شۆفێری بژێوی ژیانیان دابین بکەن."
لە ئێستادا نزیکەی 6 هەزار ئۆتۆمبێل و تاکسیی بێ شوفێر لە جیهان هەن، کە زۆربەیان لە قۆناخی تاقیکاریدان، بەڵام لە شارەکانی وهان و شەنگەهای و پەکین، ئەو قۆناخەیان تێپەڕاندووە و بوونەتە کردار. پێشبینی دەکرێت بازاڕی ئۆتۆمبێڵی خۆکار لە جیهان تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە 2.3 تریلیۆن دۆلار و تاکسییە بێ شوفێرەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت.
ئەم تاکسی و ئۆتۆمبێلە بێ شوفێرانە بە کامێرا و سانسۆری زیرەک کۆنترۆڵ کراون، بۆ سەلامەتیی سەرنشین و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ. سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک پێش ئەوەی بەکاریان بهێنن پێیان وایە مەترسیدارن، بەڵام بەپێی توێژینەوە زانستییەکان 90٪ـی رووداوەکانی هاتووچۆ بەهۆی شۆفێر و کەمتەرخەمیی شۆفێرییەوەیە نەک بەهۆی ئۆتۆمبێل. چین ئامانجیەتی بۆ ساڵی 2030 ژمارەی ئۆتۆمبێلی بێ شوفێر بەرزبکاتەوە بۆ یەک ملیۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ