رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 29 هەزار کەسی بێ ناسنامەی خەڵکی وڵاتانی دیکە لە ئەڵمانیادا هەن، کە نزیکەی 14 هەزار کەسیان لەدایکبووی سووریان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2025 دەزگای ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکی کەهی مەحموود، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە رێژەی هاونیشتمانییان لەنێو ئەو کەسانەدا کە لە ئەڵمانیان و بێ ناسنامەن، گوتی، کورد بە تایبەتی و وەکو گەلی جیاواز تۆمار ناکرێت.
بەپێی دەستەی ئاماری ئەڵمانیا، تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2024 ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتی دیکە لەدایکبوون و "بێ ناسنامە"ن، 28 هەزار و 815 کەس بووە؛ ئاماژەی بەوەش دا، 13 هەزار و 600 کەسیان لە سووریا لەدایکبوون.
سەبارەت بە بەدەستهێنانی وڵاتینامەی ئەڵمانیا بۆ کەسانی بێ ناسنامە، دەستەی ئاماری فیدراڵی روونیکردەوە، ئەو دەرفەتە بۆ کەسانی بێ بەڵگەنامەش هەیە و هەمان بنەماکانی پێدانی وڵاتینامە بەسەر خەڵکی دیکە بۆ ئەوانیش جێبەجێ دەکرێت.
دەزگای ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا ئاماژەی بە مادەی دووی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە تایبەتە بەو کەسانەی هیچ دۆکیومێنتێکیان نییە و گوتی، دەتوانن داوای هاووڵاتیبوون لەو وڵاتەدا بکەن کە تێیدا نیشتەجێن.
بەپێی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وڵاتێک کەسێک بەپێی یاسای خۆی وەک هاووڵاتی خۆی پێناسە نەکات، ئەو کەسە دەبێتە کەسێکی "بێ ناسنامە".
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
رووداو: لە ئەڵمانیا چەند کەسی بێ ناسنامە دەژین و ئەوان لە کام وڵاتانەوە دێن؟
دەزگای ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا: تاوەکو 31-12-2024 ژمارەی ئەو کەسانەی وەکو بێ ناسنامە لە لیستی ناوەندیی بیانییەکاندا تۆمار کراون، گەیشتووەتە 28,815 کەس، کە 13,600 کەس لە سووریا لەدایکبوون و 4,930 کەسیش لە ئەڵمانیا.
رووداو: چەند کوردی خەڵکی سووریا وەک "هاووڵاتی بێ ناسنامە" تۆمار کراون؟
دەزگای ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا: ئێمە ناتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، چونکە لە ئامارەکانی ئێمەدا کورد بە جیا تۆمارناکرێ.
رووداو: کەسانی بێ ناسنامە لە ئەڵمانیا چۆن و کەی دەتوانن ببنە هاووڵاتی؟
دەزگای ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، وڵاتینامەی کەسانی بێ ناسنامە بەپێی هەمان بنەماکانی یاسای وڵاتینامەی دیکەیە. جگە لەوەش، کەسانی بێ ناسنامە دەتوانن بەپێی مادەی 2ی یاسای کەمکردنەوەی بێ ناسنامەیی ببنە هاووڵاتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ