سەرۆکی پارتێکی گەورەی هۆڵەندا دەنگ بە بەربژێرێکی کورد دەدات

22-11-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێیتەر ئۆمتزیخت، سەرۆکی پارتی NSCـی هۆڵەندی دەنگی دایە وەهاب حەسۆ، کە کوردە و بەربژێرە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا.
 
بەپێی دوایین راپرسییەکان لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی هۆڵەندا، پارتی NSC دەتوانێت 19 کورسی بباتەوە. بەمەش دەبێتە یەکێک لە پارتە گەورەکان و ئەگەری بەهێز هەیە لە حکومەتی داهاتووی هۆڵەندا بەشداری بکات.
 
سەرۆکی پارتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X رایگەیاند، ئەمڕۆ دەنگی داوەتە وەهاب حەسۆی بەربژێر لەسەر لیستی پارتەکەی.
 
وەهاب حەسۆ کوردێکی ئێزدییە و لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هەڕەشەی زۆرەوە لەسەر ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی ببووە مژاری گەرمی نێو پەرلەمان و میدیای هۆڵەندی. لە بوڵتەنی کاژێر 17:00 رووداو وەهاب حەسۆ میوان دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا، جگە لە وەهاب حەسۆ دوو کوردی دیکەش بەربژێرن. یەکێکیان دیلان یەشیلگیوزە و ئەوەی دیکەش هاوڕێ رەحیمییە. دیلان سەرۆکی لیستی پارتی VVD و وەزیری ئاسایش و دادی هۆڵەندایە. هاوڕێ رەحیمیش سەر بە پارتەکەی دیلانە و ئێستا ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندایە.

 

 
هاوپەیمانێتی پێکهێنەری کابینەکەی مارک رووتە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا شکستی هێنا، ئەوەش بەهۆی جیاوازی لە بۆچوونی پارتەکان لەبارەی کۆچبەرییەوە. وەک ئەنجامی ئەوە، مارک رووتە بڕیاریدا جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەربژێر نەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، لە هۆڵەندا هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت. پارتە سەرەکییەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرنجی سەرەکییان لەسەر سێ بابەت بوو: کۆچبەریی، ستانداردی ژیان و دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

 
پەرلەمانی هۆڵەندا لە 150 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە پاڵپشتی 76 پەرلەمانتارە.
 
چوار کەس بەربژێرن بۆ ئەوەی شوێنی مارک رووتە وەک سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بگرنەوە.
 
دیلان یەشیلگۆز، بەربژێری پارتەکەی مارک رووتەیە و بە بنەچە کوردە، دەکرێت ببێتە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەوروپییەدا.
 
فرانز تیمەرمانز کە پێشتر بەرپرسی یەکێتی ئەوروپا بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەربژێری پارتەکانی کار و چەپە سەوزەکانە.
 
پیتەر ئۆمتزیخت، سەرۆکی پارتی "گرێبەستی سۆشیاڵی نوێیە" و دەڵێت، ئامانجییەتی چاکسازی لە سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بکات.
 
خیرت ویڵدەرز، سیاسەتمەدارێکی ناسراوی دژە کۆچبەرییە، بەڵام بەم دواییانە گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی پارتەکەیدا کرد و ئێستا هەڵوێست و زمانێکی نەرمتریش بەکاردەهێنێت. 

 

 
کاژێر 9ی شەو بە کاتی ئەمستەردام، واتە 11 بە کاتی هەولێر سندووقەکانی دەنگدان دادەخرێن و دوای ئەوە میدیای ئەو وڵاتە ئەنجامە بەراییەکان بڵاو دەکاتەوە.
 
دواتر، بەرپرسانی پارتە بەشدارەکانی هەڵبژاردن گوتار و گوتەیان دەبێت لەبارەی ئەنجامەکە، بەڵام جیاکردنەوەی دەنگەکان رۆژی 23ی مانگ کۆتایی دێت.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەن. ئەو پارتەی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە وەک یەکەمین پارتی دانوستاندنکار بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت.
 
زۆرجار دانوستاندنەکان چەند مانگێک دەخایەنن، بە هۆکاری ئەوەی پارتەکان دەیانەوێت زۆرترین داواکارییان لە کارنامەی حکومەتدا جێبەجێ بکرێت.

 

 
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 5-12-2023 پەرلەمانی ئێستا کۆبێتەوە و رۆژی 6-12-2023ش پەرلەمانی نوێ کۆبێتەوە.
 
مارک رووتە و کابینەکەی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو حکومەتی نوێ دەستبەکاردەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە