رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هۆندای ژاپۆنی بەهۆی هەبوونی کێشەی فیول پەمپەوە بڕیاریدا دوو ملیۆن و 600 هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئەمریکادا بکشێنێتەوە. کۆمپانیاکە دەڵێت، کێشەکە لە ناردنی بەنزین و گازە بۆ بزوێنەری ئۆتۆمبێل.
رۆژی هەینی، 22-12-2023، کۆمپانیای هۆندای ژاپۆنی بڵاویکردەوە، بەهۆی هەبوونی کێشەیەک لە فیول پەمپ، 2.6 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئەمریکا دەکشێنێتەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات و چاکیان بکاتەوە.
بەگوێرەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکە، ئۆتۆمبێلەکان مۆدێلیان 2017 بۆ 2020ـە و هەریەک لە جۆرەکانی هۆندا ئەکۆرد، هۆندا سیڤیک و ئەکورا تی ئێڵ ئێکسن.
لەبارەی کێشەکەوە، کۆمپانیاکە دەڵێت، کێشەکە لە بەشی خوارەوەی فیول پەمپەکەیە کە بەرپرسە لە ناردنی بەنزین و گاز لە تانکییەکەوە بۆ نێو بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە؛ بۆیە ئەگەر کێشە لەو بەشەدا هەبێت ئەوا دەبێتە هۆی کارپێنەکردنی ئۆتۆمبێلەکە یانیش لەپڕ کوژانەوەی، ئەوەش مەترسیی رووداوی هاتووچۆ زیاد دەکات.
کۆمپانیای هۆندای ژاپۆنی لە ساڵی 1948 دامەزراوە و لە ساڵی 2023دا 3.7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە و ٪62ـی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی لە ئەمریکای باکووردا بووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمپانیای ئینتەربراندی ئەمریکی، هۆندا یەکێکە لە 20 باشترین ئۆتۆمبێلەکانی جیهان.
لە بڵاوکراوەیەکی هاوشێوەدا لە 20-12-2023، کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی بەهۆی هەبوونی کێشەیەکی کارەبایی لە ئێیەرباگدا بڕیاریدا یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئەمریکادا بکشێنێتەوە.
کۆمپانیاکە ئاشکرایکرد، هەریەک لە جۆرەکانی کۆرۆلا، هایلاندەر، سێنا، راڤ فۆر، لێکزسی ئاڕ ئێکس و ئی ئێس و کامری کە مۆدێلیان لە نێوان 2020 بۆ 2022ـن ئەو کێشەیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ