جیهان

دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی واژۆکراوی بەرزکردووەتەوە لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا، وێنە: Anna Moneymaker-Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە زیادکردنی هەزار و 500 سەرباز بۆ سنووری مەکسیک کرد، بۆ ئەوەی بتوانن رێگە لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان بگرن.
کارلۆین لیاڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی (چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025) رایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ، واژۆی لەسەر فەرمانێک بۆ بڵاوەپێکردنی هەزار و 500 سەربازی دیکە لە سەر سنوورەکانی باشووری ئەمریکا کرد."
بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا لە وەزارەتی بەرگری بە رۆژنامەڤانانی گوت، هەزار سەربازیان سەر بە سوپان و ئەوانەی دیکەش، سەر بە هێزی دەریایین.
بەهێزکردنی ئاسایشی سنووری ئەمریکا دژی کۆچبەران یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی ترەمپ لەکاتی هەڵبژاردندا. بە ناردنی ئەو هێزە، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەسەر سنووری مەکسیک دەبێتە چوار هەزار سەرباز.
بەرپرسەکەی سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئەو سەربازانە بەشداردەبن لە دانانی بەربەست لەسەر سنوور و چەند چالاکییەک. یەکێک لە چالاکییەکانیش لە "24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا دەبێت."
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، زیادکردنی سەربازەکان لەسەر سنوور "هەوڵێکی سەرەتاییە کە ئێستا دەتوانین بیکەین". دەشڵێت، "چەند هەنگاوێکی دیکەی هاوشێوە بۆ رێگری لە کۆچبەران دەگرنەبەر.
رۆبێرت سەیڵس، وەزیری کاربەڕێکەری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، جگە لەم هەنگاوە، سوپای ئەمریکا هاوکاریش دەبێت لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی چوونەتە وڵاتەکەیان بەتایبەتی لە سان دیێگۆ، کالیفۆرنیا، ئێل پاسۆ و تێکساس.
بەگوێرەی دەزگای پاراستن و چاودێریکردنی سنوورەکانی ئەمریکا، لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2024ـدا، ملیۆنێک و 550 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پێرار، دوو ملیۆن و 240 هەزار کۆچبەر چووبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ