بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە تاجیکستان روویدا

23-02-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە بەشی رۆژهەڵاتی تاجیکستان روویدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە چڕیی دانیشتووانی کەم بووە، ئەگەری هەیە کەس بەرنەکەوتبێت یاخود قوربانیی کەمی لێکەوتبێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی زەویناسیی ئەمریکا، بوومەلەرزەکە گوڕەکەی 6.8 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و بە دووریی 67 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارۆچکەی مورگۆب و بە قووڵایی 20 کیلۆمەتر روویداوە.
 
بوومەلەرزەکە کاژێر 5:37 خولەکی بەیانی بە کاتی تاجیکستان روویداوە، خەڵکی لە خەو راچڵەکاندووە و ترسێکی زۆری بڵاوکردووەتەوە.
 
زەرەر و زیانی مادی تۆمار کراون، بەدوای بوومەلەرزەی یەکەمیشدا پاشلەرزەیەک بە 5 پلەی رێختەر تۆمار کراوە، تاوەکو ئێستا خەڵک لە دەرەوە ماونەتەوە و ناوێرن بڕۆنەوە ژوورەوە.
 
مورگۆب ناوەندی قەزایەکە هەر بەناوی مورگۆب، کە لە قەدپاڵی زنجیرە چیاکانی پامیر هەڵکەوتووە و ژمارەی دانیشتووانی 7500 کەسە.
 
مورگۆب تەنیا گەورە شارۆچکەی رۆژهەڵاتی هەرێمی گۆرنۆ باداخشانە، هاوکات بەرزترین شارۆچکەیە لە تاجیکستان کە 3650 مەتر لەسەر ئاستی دەریا هەڵکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە