رووداو دیجیتاڵ
لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 14 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 23ـی شوباتی 2024، خۆرخێ سوارێز، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای فریاگوزاریی ڤالێنسیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "تاوەکو ئێستا ئەوە یەکلایی بووەتەوە چوار کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە".
دەزگای فریاگوزاریی ڤالێنسیا ئاماژەی بەوەش کردووە کە 14 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بوون و 19 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوایاندا.
ئاگرەکە، بەگوتەی دەزگای فریاگوزاریی ڤالێنسیا، درەنگیی شەوی پێنجشەممە لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە و بەخێرایی بۆ نهۆمەکانی دیکە تەشەنەی کردووە.
میدیای ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کردووە، باڵەخانەکە 14 نهۆم بووە و زیاتر لە 130 شوقەی تێدایە. دەشڵێت، حکومەتی ئیسپانیا 22 تیمی بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی ئاگرەکە کردووە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ئاگرەکە شۆکهێنەر بوو، لەگەڵ پارێزگاری ڤالێنسیا و بەرپرسانی دیکە لەسەر هێڵم بۆ ئەوەی بتوانین ئەوەی لەتواناماندا بێت بیکەین".
لە ئۆکتۆبەری رابردووش، ئاگرێک لە یانەیەکی شەوانە لە شاری مارسیای ئیسپانیا کەوتەوە و لانیکەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا، ئاگرەکە بە پڕقوربانیترین ئاگرکەوتنەوە هەژمارکرا کە لە سێ دەیەی رابردوو لە یانەشەوانەکانی ئیسپانیا کەوتبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ