رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان ئامادەکارییەکانیان بۆ گەورەترین هەڵبژاردنی وڵاتەکەیان و جیهان تەواو کردووە و وردەکارییەکان رادەگەیێنن.
راجیڤ کومار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان رایگەیاند، "لە سەرتاسەری هیندستان، دەنگدان لە 19ی نیسان دەستپێدەکات و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش لە 4ی حوزەیران دەبێت. داوا لە پارتەکان دەکەم کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دووربکەونەوە لە هێرشکردنە سەر هەر کەس و لایەنێک."
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هیندستان شەش هەفتە بخایێنێت و هەڵبژاردن بۆ 543 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت. 960 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ پرۆسەی دەنگدان 30 رۆژ دەخایێنێت و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش 14 رۆژ.
دوو حیزبی گەورەی هیندستان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین کورسیی ئەنجوومەنەکە دەکەن. پارتی گەلی هیندستان BJP کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای هیندستان سەرۆکیەتی، لەگەڵ پارتی کۆنگرێسی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆن INC.
هەریەک لە حیزبەکان سەر بە هاوپەیمانییەکن؛ پارتی گەل لە هاوپەیمانیی دیموکراتی نیشتمانییە، کە بە NDA ناسراوە و 34 حیزبی دیکەی تێدایە و زۆرینە راستڕۆن. کۆنگرێسیش لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی هیندی بۆ گەشەپێدانی گشتگیر کە بە I.N.D.I.A ناسراوە و 23 حیزبی دیکەی تێدایە و زۆرینە چەپن.
حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن گوشارێکی زۆریان لەسەرە. لە لایەک ئارڤیند کێجریوال، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی دێلهی کە سەر بە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنە، بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیر کراوە و خۆپێشاندان وڵاتەکەی تەنیوە. لە لایەکی دیکەش هەژماری بانکیی حیزبی کۆنگرێس لەلایەن حکومەتەوە بەهۆی کێشەی باجەوە سڕ کراوە.
راهوڵ گاندی، سەرکردەی حیزبی کۆنگرێس دەڵێت، "ناتوانین هیچ بانگەشەیەک بکەین. ناتوانین پشتگیریی دارایی کارمەندەکانمان بکەین. ناتوانین پشتگیریی بەربژێرەکانمان بکەین. سەرکردەکانمان ناتوانن لە شوێنێکی وڵاتەکە بۆ شوێنێکی دیکە بە فڕۆکە بڕۆن، هەر واز لە فڕۆکە بهێنن، ئەوان تەنانەت ناتوانن بە شەمەندەفەر بڕۆن؛ ئەمەش رێک دوو مانگ بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن کراوە."
دوایین راپرسی دەڵێت، هاوپەیمانیی NDAـی راستڕۆ بە جیاوازی 16% هەڵبژاردن دەباتەوە و نارێندرا مۆدی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی هیندستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ