رووداو دیجیتاڵ
هەواڵگریی رووسیا دەڵێت، 11 کەسیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە هێرشەکەی شەوی رابردووی مۆسکۆوە دەستگیرکردووە. بە گوێرەی دانپێدانانێکیش کە گوایە یەکێک لە دەستگیرکراوەکانە، ئەو کەسانەی هێرشەکەیان کردووە لە تورکیاوە چوونەتە رووسیا.
میدیای رووسیا بڵاویکردەوە، ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، بەڕێوەبەری (خزمەتگوزاری ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا) کە سەرەکیترین ئاژانسی هەواڵگریی رووسیایە رایگەیاندووە، 11 کەسیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە هێرشەکەی شەوی رابردووەی مۆسکۆوە دەستگیرکردووە و 4 کەس لەوانیش تەقەکارەکان بوون.
بۆرتنیکۆڤ زانیاری زیاتری لەو بارەوە نەدرکاند، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو 4 کەسە لە بریانسک دەستگیرکراون کە ناوچەیەکە دەکەوێتە رۆژئاوای مۆسکۆ و هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراینا و بێلاڕووس.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی رووسیاش لەسەر زاری بەرپرسانی هەواڵگریی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، ئەو چوار کەسە بە ئاراستەی ئۆکراینا رۆیشتوون و گوایە پەیوەندییان لەگەڵ کەسانێک لەنێو ئۆکراینا هەبووە. ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشەوە نییە.
هاوکات ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایە یەکێک لە چوار دەستگیرکراوەکانە و دانپێدانانی سەرپێیی لێ وەردەگیرێت.
ئەو کەسە ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژی 4ی ئادار لە تورکیاوە چووەتە رووسیا.
ئەو دەستگیرکراوە باس لەوەش دەکات، داوایان لێکردوون سەرجەم ئەو کەسانە بکوژن کە لەنێو هۆڵەکەدان و ئاماژە بەوەش دەکات، لە بەرامبەر ئەو کارەدا بەڵێنی یەک ملیۆن روبڵی رووسیان پێداوە و پێیان گوتووە کە پێش هێرشەکە نیوەی پارەکەی پێ دەدەن و دوای هێرشەکەش نیوەکەی دیکەی پێ دەدەن.
شەوی رابردوو چوار چەکدار خۆیان کرد بە هۆڵێکی کۆنسێرتدا لە باکووری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا. تەقەکارەکان سەرەتا بە نارنجۆک هێرشیان کرد و دواتر بە هەڕەمەکی تەقەیان لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە کرد.
لە ئەنجامی هێرشەکە زیاتر لە 115 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ