رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆی رووسیا و ئۆکرینا لە سعودیە بۆ وەستاندنی جەنگی سێ ساڵەی نێوانیان بەردەوامە، لە هەمان کاتدا هێرشەکانیش لە بەرەکانی جەنگ بەردەوامن.
بەرپرسێکی رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، گەشبینن "هەندێ بەرەوپێشچوون" لە دانوستاندنەکان دا بەدەستبێن.
ئەمریکا و ئۆکراینا ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان پێشنیازکردبوو، بەڵام مۆسکۆ رەتیکردەوە و لەبری ئەوە رایگەیاند، تەنیا هێرشی سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا دەوەستێنێت.
لە سەنگەرەکانی پێشەوەش، هێرش، تۆپباران و بۆردوومانی هەردوولا بۆ سەر یەکدی بەردەوامن.
درەنگانی شەوی هەینی، رووسیا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شاری زاپۆریژیای باشووری ئۆکراینا و لە ئەنجامدا، سێ کەسی یەک خێزان کوژران کە توڕەیی بەرپرسانی ئۆکراینای لێ کەوتەوە.
رۆژی دووشەممە لە سعودیە، شاندێکی ئەمریکی بە جیا لەگەڵ شاندی ئۆکراینی و رووسی کۆدەبێتەوە. کەیت کێلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی ئۆکراینا دەڵێت ئەمە "هاتووچۆی دیپلۆماسییە" لەنێوان ژوورەکانی هۆتێلدا.
وێڕای زیادبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، تاوەکو ئێستا وەرچەرخانێک بەدەستنەهاتووە.
گریگۆری کاراسین، سیناتۆری رووسیا کە سەرکردایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات، بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئومێدەوارین لانیکەم هەندێ پێشکەوتن بەدەستبێنین."
کاراسین گوتی، لە دانوستاندنەکاندا "بەشێوەیەکی جەنگاوەرانە و بونیادنەرانە" گفتوگۆ دەکەن.
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینا رۆژێک پێش ئەوە رایگەیاندبوو، کیێڤ دەیەوێت "لانیکەم" رێککەوتنێک بۆ نیمچە ئاگربەستێک بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی هێرشی سەر وزە، ژێرخان و هێرشە دەریاییەکان بوەستێندرێن.
کیێڤ بڕیاریداوە وەزیری بەرگری بنێرێت بۆ دانوستاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ