تۆمەتی ئەشکەنجەدان بەسەر ئەمریکییەکدا ساخکرایەوە؛ لە هەرێمی کوردستان کارگەی نایاسایی چەکی دانابوو

23-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، تاوانی ئەوە بەسەر هاووڵاتییەکی ئەمریکیدا ساخبووەتەوە، کە دەگوترێت ئەو کاتەی کارگەیەکی قاچاخی چەکی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، کارمەندێکی خۆی ئەشکەنجەداوە. 
 
دوای ئەوەی کە لە دادگەی فیدڕالیی پەنسلڤانیا، ئەشکەنجەدان و چەند تاوانێکی دیکەی بەسەردا ساخکرانەوە، رۆس رازیۆی تەمەن 54 ساڵ، رووبەڕووی ئەگەری سزای زیندانیی تاهەتایی دەبێتەوە.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، ساڵی 2015 رازیۆ سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەک بووە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی تفەنگی (ئێم فۆڕ) دروستبکات، کە وەک وەزارەتەکە دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە، پارچەی چەکەکەی لە ئەمریکاوە بە قاچاخ بردووەتە هەرێمی کوردستان. لەو کاتەدا، یەکێک لە کارمەندەکانی کە بە رەچەڵەک ئیستۆنی بووە، گومانی لە پڕۆژەکە کردووە. 
 
رۆزیۆ نەیویستووە کارمەندەکە دەستوەردان لە پڕۆژەکەدا بکات و گومانی لەسەر دروستبکات، بۆیە بە هاوکاریی ژمارەیەک سەربازی کورد، ئەوی رفاندووە، ئەمە وەک دادگەی فیدڕالیی پەنسلڤانیا رایگەیاندووە. 
 
پیاوە ئیستۆنییەکە دواتر گوێزراوەتەوە بۆ سەربازگەیەکی هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی 39 رۆژ لەوێ هێڵدراوەتەوە، لەو ماوەیەدا رۆزیۆ چەندین جار لێپرسینەوەی لەگەڵ کارمەندەکەدا کردووە و ئەشکەنجەی داوە، داوای لە سەربازەکان کردووە بە سۆندە لێیبدەن، کیس بخەنە سەری بۆ ئەوەی هەناسەی ببڕن و هەڕەشەی لێکردووە پەنجەکانی بە کەتەر لێبکاتەوە، ئەمە وەک وەزارەتی دادی ئەمریکا روونیکردووەتەوە. 
 
وەزارەتەکە هاوکات دەشڵێت: "لانیکەم جارێک، رۆزیۆ قایشی خۆی لە ملی قوربانییەکە ئاڵاندووە و ئەوی بە زەویدا کێشاوە، لە بەرزاییدا هەڵیواسیووە و وای لێکردووە لەهۆش خۆی بچێت."
 
رۆزیۆ و کۆمپانیاکەی لە ساڵی 2018، 37 تۆمەتی هەناردەکردنی چەکی نایاساییان درایە پاڵ. 
ساڵی رابردوو، بە پشتبەستن بە یاسایەکی ساڵی 1994ی تایبەت بە ئەشکەنجەدان، وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتی ئەشکەنجەشی بۆ کەیسکە زیادکرد.
 
رۆژی هەینی، تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان، پیلانگێڕێ، هەناردەکردنی چەکی نایاسایی، سپیکردنەوەی پارە، قاچاخچێتی و چەندین تۆمەتی دیکە بەسەر رۆزیۆدا ساخکرانەوە. 
تەنیا یەک ئەمریکیی دیکە بەو یاسایە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و تاوانبارکراوە. 
 
لە ساڵی 2009، دادگەیەکی ئەمریکا، هاووڵاتیێکی ئەمریکیی بە ناوی چارلس تایلۆر، بە 97 ساڵ بەندکردن سزادا لەسەر ئەشکەنجەدانی خەڵک لە لایبیریا لە ساڵانی 1999 بۆ 2003.
 
لویس کێسادا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالی (FBI) گوتی: "بڕیاری تاوانبارکردنەکەی ئەمڕۆ ئەنجامی بوێریی لەڕادەبەدەری قوربانییەکەیە، کە دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە لایەن سکاڵالێکراوەوە ئەشکەنجەیەکی بە ئازاری درا، هاتە پێشەوە و سکاڵای تۆمارکرد."
 
کێسادا هاوکات گوتیشی: "ئەشکەنجەدان یەکێکە لەو تاوانە هەرە قێزەونانەی کە ئێف بی ئای لێیان دەکۆڵێتەوە. بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، کۆڵنەدەرانە بە دوای دادپەروەرییەوە دەبین."
 
رۆژی 1ـی ئاداری 2023، دووەمین کۆڕبەندی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە ناونیشانی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و دامەزراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستیپێکرد و چەند پانێڵێک لەبارەی چەند بابەتێکی جیاجیا بە ئامادەبوونی شارەزا و بەرپرسانی بوارە جیاجیاکان بەڕێوەچوون. 

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندەکەدا بە ناونیشانی "دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسەکانی سەقامگیری" چەند پرسیارێکی ئاراستەکرا.

پێشکێشکاری پانێڵەکە پرسیاری کرد و گوتی: راپۆرتێکی (رۆو ریستۆن) باس لەوە دەکات کە کارگەیەکی چەک لە سلێمانی هەیە، تۆمەتبارێک هەیە کە دەبرێتە بەردەم دادگە، بەڵام ئەو هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و خستوویەتە سەر کەسێکی دیکە کە ئەویش بەڕێز پۆڵاد تاڵەبانیە، ئایا ئەم کارگەیە بوونی هەیە؟
 
بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامدا گوتی: بەداخەوە ئەم (رۆو ریستۆن)ەم نەبینیوە و پێموانییە شتێکی ئەوها روویدابێت، ئەگەر شتێکی ئەوها روویدابا، کاک پۆڵاد بە تەنیا ئەوەی کردبێت، دڵنیام ئەوە بۆ شوێنێکی دیکەش دەڕوات و پێشنیازم ئەوەیە؛ ئەمریکا داوای کێ دەکەن بۆ دادگە با داوای بکەن، هەرچەند کەسێک کە ناوی ئەوانی تێدایە من ئامادەم، کە ئەوان بخەمە نێو فڕۆکەکە و بیاننێرم بۆ واشنتن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە