رووداو دیجیتاڵ
گووگڵ بە بەردەستکردنی دوایین ئامرازی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ، داهاتووی تەواوی پیشەسازیی فیلم و سینەما دەخاتە ژێر گومانەوە.
Veo 3، نوێترین وەشانی ژیریی دەستکردی دروستکردنی ڤیدیۆی گووگڵە. دەتوانێت ڤیدیۆ بە کوالیتیی بەرز و هاوشێوەی جیهانی راستەقینە دروست بکات و هەموو دەنگەکانی لەسەر دابنێت، بە گفتوگۆی نێوان کارەکتەرەکان و هەموو جۆرە دەنگێکەوە.
ئامرازەکە بە گوێرەی ئەو نووسینەی پێی دەدەی، لە ماوەیەکی کورتدا ڤیدیۆت بۆ بەرهەمدەهێنێت.
دوایین وەشانی Veo 3 بە بازدانێکی گەورەی ژیریی دەستکرد لە رووی دروستکردنی دیمەنی سینەماییدا دادەنرێت. پێشکەوتووترین رکابەری گووگڵ، کە کۆمپانیای (OpenAI)ـی خاوەنی (ChatGPT)یە، پار بەرنامەی (Sora)ـی راگەیاند کە ئەویش ڤیدیۆی نزیک لە راستەقینە بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ناتوانێت دەنگی لەگەڵ دابنێت.
لەم کاتەدا، Veo 3 تەنیا بۆ ئەو بەکارهێنەرانە بەردەستە کە لە ئەمریکان و مانگانە 249.99 دۆلار بە پلانی (Google AI Ultra) دەدەن.
گووگڵ سەکۆیەکی تایبەتی بە ناوی(Flow) بۆ ئەوانە بەردەستکردووە کە خولیای دروستکردنی دیمەنی سینەماییان هەیە. لەوێدا، Veo، هەروەها (Imagen) کە تایبەتە بە دروستکردنی وێنە، لەگەڵ (Gemini) کۆکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ