رووداو دیجیتاڵ
داهاتی ئۆگەندا لە ئەنجامی هەناردەکردنی زێڕ و قاوەوە زیادیکردووە.
دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەو وڵاتە ئەفریقییە رایگەیاند، 31 ملیۆن تۆن زێڕی خاوی دۆزیوەتەوە کە بایی 13 ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە ئاداری ئەم ساڵدا داهاتی هەناردەی ئۆگەندا 40٪ زیادیکردووە.
بە گوێرەی وەزارەتی دارایی، پلاندانان و گەشەی ئابووریی وڵاتەکە، زۆربەی ئەو داهاتە لە هەناردەکردنی قاوە، زێڕ، کاکاو، ماسی و گەنمەشامی بووە.
لە مانگی ئاداردا داهاتی هەناردەکە 899.10 ملیۆن دۆلار بووە.
هەناردەی قاوە لە هەموو بەرهەمەکانی دیکە زیاتر گەشەی کردووە و بە رێژەی 207٪ زیادبووە و داهاتەکەی گەیشتووەتە 198.62 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی قاوە لە بازاڕەکانی جیهان و لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی زیادبوونی بەرهەمەکە لە ئۆگەندا.
ئاداری ساڵی 2024 نرخی یەک کیلۆگرام قاوە لە بازاڕەکانی جیهان 3.27 دۆلار بوو، لە ئاداری ئەم ساڵ نرخەکە بۆ 5.15 دۆلار بەرزبووەوە. هۆکاری ئەوەش کەشوهەوای نالەباری بەڕازیل و ڤێتنام بوو کە ترسی لە کورتهێنانی بەرهەمەکە دروستکردووە.
بە گوێرەی دوایین سەرژمێریی فەرمی، ژمارەی دانیشتووانی ئۆگەندا 48.66 ملیۆن کەسە.
بە گوێرەی بانکی جیهانی، ساڵی 2023 کۆی بەرهەمی نێوخۆی 48.77 ملیار دۆلار بووە، واتە تێکڕای داهاتی تاکەکەس هەزار و دوو دۆلار بووە لە ساڵێکدا.
لە ساڵی 2024دا بە گوێرەی پەیمانگەی لێگاتوم کە بارەگەی سەرەکیی لە دووبەیە، لە رووی خۆشگوزەرانییەوە لەنێو 167 وڵاتدا، ئۆگەندا لە پلەی 121ـەمدا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ