رووداو دیجیتاڵ
دانوستاندنی ئەتۆمیی ئێران و ئەمریکا بە "هەندێک پێشکەوتن" بەڵام "بێ یەکلاییکردنەوە" کۆتاییهات. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "کۆبوونەوەی ئەم گەڕە پیشەییترین بووە."
رۆژی هەینی 23-05-2025 وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند: "پێنجەم گەڕی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران لە رۆما کۆتاییهات."
بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە ئێکس نووسی: "لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک پێشکەوتن هەبوو، بەڵام یەکلاییکەرەوە نەبوو. ئەو پرسانەی ماون لە چەند رۆژی داهاتوودا روون دەبنەوە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە ئێکس نووسی: "گەڕی ئەم جارە پیشەییترین بوو و هەڵوێستی خۆمان بە روونی راگەیاند. هەڵوێستمان ئاشکرایە و لایەنی ئەمریکی ئێستا تێگەیشتنێکی باشتری هەیە."
عێراقچی گوتیشی: "وەزیری دەرەوەی عومان هەوڵی دا کۆسپەکانی نێوانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لاببات. گفتوگۆکانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزن و پێویستمان بە زیاترە. بەو پێشنیازانەی سەڵتەنەتی عومان خستوونیەتیەڕوو، ئەگەری پێشکەوتن لە گفتوگۆکان هەیە."
پێش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکای دەکرد، "کۆبوونەوەکەی جێهێشت، بەڵام دانوستاندن بەردەوام بوو."
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ستیڤ ویتکۆف بەهۆی ئەوەی گەشتی هەبووە، کۆبوونەوەی جێهێشتووە."
ئەمە دووەم جارە رۆما میوانداریی دانوستاندنەکان دەکات؛ سێ جارەکەی دیکە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوون.
دانوستاندنەکان، کە لە مانگی نیسانەوە دەستیانپێکردووە، بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو نەیارەکەن، لەو کاتەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ