مەسرور بارزانی بۆ رووداو: تاوەکو بەغدا نەرمتر بێت، لە بەرژەوەندیی هەمووانە

23-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی رووداوەوە داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد "نەرمی زیاتر بنوێنن" و گوتی: "تاوەکو ئەوان نەرمی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی ئێمە دەیدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە". 
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "ئەم بۆچوونانەی دەیانبیستین لە بەغدا و ئەو لێدوانانەی دەدرێن، هیوادارم هەموویان لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا بیریان لێ بکرێتەوە. تاوەکو نەرمیی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی ئێمە دەیدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە."
 
19ـی ئایار، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوو گرێبەست لە بواری وزە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی وێستن زاگرۆس و HKN Energy  واژۆ کران. 
 
رۆژی 20ی ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتەبەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە".
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوونی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."
 
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و گوتی،  هیچ رێگری و تێبینییەکیان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەڵام دەڵێت مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ پرسی ئەوان "نادەستوورییە".
 
حکومەتی ئەمریکیاش پێشوازی لە گرێبەستەکان کرد. 
 
دوێنێ پێنجشەممە، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە خۆشحاڵ بووین کە بینیمان سەرۆکوەزیران بارزانی گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکرد بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە یارمەتیی عێراق دەدات سوود لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی لە وزەدا بەدەستبهێنێت."
 
هەروەها هەمان رۆژ، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە کۆڕبەندێکی پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی جیهانیی سەربە پێگەی مۆنیتەر، گوتی: "ئێمە زۆر پەرۆشین کار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین و پشتیوانییان بکەین بۆ ئەوەی سامانی ژێر زەوی خۆیان بگۆڕن بۆ سەرچاوە."
 
وەزیرەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرێبەستانە بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و "کۆمپانیاکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان و بۆ هەموو ئەوانەش باشە کە سوود لەو سەرچاوە زیادبووەوەی وزە وەردەگرن."
 
لە بارەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر کە لە رووی رووبەرەوە گەورەترین دامەزراوەی دیپلۆماسییە لەسەر ئاستی جیهان و بڕیارە تەممووزی ئەم ساڵ بکرێتەوە، مەسرور بارزانی بە رووداوی گوت: "بێگومان کردنەوەی کۆنسووڵخانە و هاتنی زیاتری بەرپرسانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی دەبێت."
 
کۆنسووڵخانەکە لەسەر رووبەری 200 هەزار مەتر دووجا بونیادنراوە و لە ساڵی 2018ـەوە دەست بە دروستکردنی کراوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا