وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری سووککردنی سزاکانی سەر سووریای دەرکرد

23-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای نیو سەدە لە سەپاندنی سزا بەسەر سووریا، ئەمریکا یەکەمین هەنگاوی بۆ سووککردنیان نا. 
 
رۆژی هەینی، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارێکی دەرکرد بۆ "سووککردنی دەستبەجێی" سزاکان لەسەر سووریا، ئەوەش دوای ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، گەمارۆکان لادەبات. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارەکە رێگە بەو مامەڵانە دەدات کە بەپێی سزاکانی سووریا قەدەخە کرابوون و ئیدی "بە شێوەیەکی کاریگەر سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگیرێن"؛ دەشڵێت، سووکردنی سزاکان "رێگە بۆ وەبەرهێنانی نوێ و چالاکیی کەرتی تایبەت خۆشدەکات."
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش چاوپۆشی لە سزای قەیسەر دەکات کە ئەوەش "رێگە بە هاوبەش و هاوپەیمانە بیانییەکان و وڵاتانی ناوچەکە دەدات زیاتر تواناکانی سووریا بەگەڕبخەن."
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت: "ئەمە تەنیا بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری حکومەتی ئەمریکا بۆ لابردنی تەواوی ئەو سزایانەی بەهۆی پێشێلکارییەکانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە بەسەر سووریادا سەپێندرابوون."
 
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "وەک سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دابوو، وەزارەتی گەنجینە و وەزارەتی دەرەوە رێگەپێدانەکان جێبەجێ دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنانی نوێ بۆ نێو سووریا. دەبێت سووریاش بەردەوام بێت لە کارکردن بەرەو بوون بە وڵاتێکی سەقامگیر و ئاشتیخواز و هیوادارین هەنگاوەکانی ئەمڕۆ وڵاتەکە بخەنە سەر رێگەی داهاتوویەکی گەش، خۆشگوزەران و سەقامگیر."
 
دۆناڵد ترەمپ لە 13ی ئایار "راگرتنی" سزاکانی ئەمریکای راگەیاند کە ئامانجیان سەرکردەکانی پێشووی سووریا بوو و مێژووی دەستپێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979. بۆ هەڵگرتنی هەمیشەیی، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا دەبێت داوا لە حکومەتی نوێی سووریا بکەن مەرجە ئەمنییەکان جێبەجێ بکات یان نا. 
 
سەرۆکەکانی ئەمریکا بەدرێژایی ساڵان سزایان بەسەر بنەماڵەی ئەسەددا سەپاند. ئەو سزایانە دەکرێت خێرا لە رێگەی فەرمانی جێبەجێکارییەوە لاببردرێن. بەڵام کۆنگرێس هەندێک لە تووندترین رێوشوێنەکانی سەپاندووە و دەبێت خۆی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لایانبدات.
 
دەرفەتێک بۆ دەستپێکێکی نوێ
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەداوە کە "دڕندەیی رژێمی ئەسەد بەرامبەر گەلەکەی خۆی و پشتیوانیکردنی لە تیرۆر لە ناوچەکەدا کۆتایی هاتووە و قۆناخێکی نوێ بۆ گەلی سووریا دەستپێدەکات."
 
ئاماژە بەوەش دەکات "ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و ئاشتیخواز لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی". 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سووککردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی نوێی سووریا بەو تێگەیشتنە کراوە کە وڵاتەکە نابێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئاسایشی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی مسۆگەر دەکات". 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە کە "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی نێو سووریا"؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە "یەکەم هەنگاوی گەورەیە" بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ترەمپ.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەم مۆڵەتە کارئاسانی بۆ چالاکییەکان دەکات لە هەموو کەرتەکانی ئابووریی سووریادا، بێ ئەوەی کارئاسانی پێشکێش بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان یان رژێمی پێشووی ئەسەد بکات؛ هەروەها رێگە بەو مامەڵانە نادات کە سوود بە رووسیا، ئێران، کۆریای باکوور دەگەیەنن – کە پشتیوانە سەرەکییەکانی رژێمی پێشووی ئەسەد بوون".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا